شەممە, 14 أبر 2018 – 15:38
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی، تەڤ-دەم، ڕایگەیاند، کە داگیرکردنی عەفرین مەترسییەکە بۆ سەر سەرتاسەری خاکی سوریا و پێویستە هەمووان لە دژی بوەستنەوە.
ئەمڕۆ تەڤ-دەم لە بارەی کردەوە داگیرکارییەکانی حکومەتی تورک لە عەفریندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی تەڤدەم دا هاتووە: گەلی عەفرین لە دژی داگیرکاریدا تێدەکۆشێت، شەرڤانانی یەپەژە و یەپەگەش تا ڕزگارکردنی عەفرین و پێکهێنانی ئازادی بەردەوام دەبن لە تێکۆشاندا، مانەوەی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین مەترسییەکە بۆ سەر سەرتاسەری خاکی سوریا، هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لە عەفرین و سەپاندنی زمانی تورکی بە سەر خەڵکی عەفریندا سیاسەتێکە لە دژی چارەسەریی و ئاسایشی ناوچەکەدا.
لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەنجومەنێک کە دەزگای هەواڵگریی حکومەتی تورک بۆ بەرێوەبردنی عەفرین ڕێکی خستووە بە ڕەوا نازانین و شەرمەزاری دەکەین، ئەو ئەنجومەنە خزمەت بە داگیرکارییەکانی حکومەتی تورک دەکات.
لە کۆتاییشدا تەڤ-دەم ڕایگەیاندوە: بانگەوازیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، حکومەتی تورک خاکی عەفرین داگیردەکات و دەست بە سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیاندا دەگرێت، دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنان و منداڵان و لە بەرامبەردا هاوڵاتیان ناچاردەبن خۆیان بکوژن بۆ ئەوەی خۆیان لەو دەستدرێژییانە بپارێزن.
س.ح