شێرکۆ بێکەس، شاعیری سەدەیەک

شەممە, 4 أغس 2018 – 10:31  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ پینجەم ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسی شاعیری ناوداری کوردە، بە بۆنەی ئەم یادەوە ڕۆژنیوز ژیاننامەی ئەو شاعیرەی دەخاتەڕوو.

شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس-ە و ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە، تەمەنی هەشت ساڵان بووە بێکەسی باوکی ساڵی ١٩٤٨ کۆچی دوایی کردووە.

منداڵی و لاوێتی شێرکۆ بێکەس پڕ بووە لە ئازار و ژانی بێکەسی و نالەباری رەوشی ئابوری، لە نێو هەلومەرجی سەخت و بێکەسیدا قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە، شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردەوە، ئەو شاعیرە لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ نەسرین میرزا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.

ساڵی ١٩٦٥ دەبێت بە پێشمەرگە و لە رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق لە ئەشکەوتی سەردێمان لە باشوری کوردستان دەست بەکاردەکات، کە ئەو ئەشکەوتە زیاتر لە کیلۆمەترێک لە ڕێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆنەوە دوورە، بە دیاریکراویش دەکەوێتە گوندی شیناوەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچکەی چۆمانە لە پارێزگای هەولێر.

ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی “تریفەی ھەڵبەست” لە (بەغدا) لە چاپدا، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاوکردەوە.

شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٨٧ لە سوید “خەڵاتی تۆخۆڵسکی” وەردەگرێت، خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێد ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەش دەکرێت.

دواتر و ١٩٩٢ لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە هەمان ساڵدا دەبێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لەیەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا، دوای ئەوەی فرانسۆ هەریری فەرمانی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات دەدات، کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم دەبێت لەسەر پشکی پارتی، لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٩٣دا دەست لەکار دەکێشێتەوە.

شێرکۆ بێکەس، ئەندامی ئەکنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئەمریکا و کەنەدا بوو، لە ساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێ “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ی لە شاری سلێمانی دامەزراند، کە هەتا ئێستا لە بواری چاپ و پەخشدا خزمەت بە نوسەران دەکات و شوێنی تایبەتی شێرکۆ بێکەس لەناو دەزگای سەردەمدا وەک خۆی ماوە و دەستکاری نەکراوە.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی “خاک” خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بەخشی، لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپدا.

شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیھانی وەرگێڕدراون، شیعرەکانی شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.

شێرکۆ خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین و شیعردا، ئەو بە شیعر، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی تری ئەدەبی نووسیوە، بەشێکی زۆریان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکە.

ڕۆژی ٤-٨-٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی لەسەر وەسێتی خۆی بە خاک سپێردراوە.

نمونەیەک لە شیعرەکانی

وێنەیەک

چـوار منــداڵی..

تورک و فارس و

عەرەب و کورد

بە ھەر چواریان

وێنەی پیاوێکیان دروستکرد.

یەکەم: سەری

دووەم: دەستی

سێیەم: لەشی و قاچەکانـی

چـوارەم: چەکی

کردە شــانی!

س.ح

Leave A Reply