ئامانجى سەردانەکەى ئەردۆغان و هاکان فیدان بۆ عێراق ئاشکرا کرا

وسام زەهرونی

چاودێران و پەرلەمانتاران دەڵێن: پێویستە عێراق سەردانەكەی هاکان فیدان بۆ بەغدا بە دەرفەتێکى گرنگ ببینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەکانى نێوان هەردوولا لە بوارەکانى وەك ئەمنی و ئاوەوە، دەشڵێن، توركیا دەیەوێت، لە ڕێگەی سەردانەكەی هاکان فیدان و ئەردۆغان ئامانجەکانى خۆی لە عێراق بەدەستبهێنێت بەتایبەتی لە ئێستادا، کە پلانى داگیركردنی خاکى هەرێمى هەیە.

پەرلەمانتارێك و چاودێرێكی سیاسیی لە بارەی سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ بەغدا و بابەتەکانى ناو كۆبوونەوەكان بەمجۆرە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

عامر فایز
عامر فایز

عامر فایز ئەندامی لیژنەی پەیووەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانى عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دەبێت پرسی ئەمنی لە پێشەنگی گفتووگۆی بەرپرسانی عێراق لەگەڵ هاكان فیدان بێت، چونكە ناتواندرێت ڕێگە بە بەردەوامی بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر عێراق بدرێت، نابێت ڕێگە بدرێت بە بوونی هێزەكانی لە ناو خاكی عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت دەستپێكردنی هەر هێرشێكی نوێی زەمینی توركیا لە قووڵایی خاكی عێراق و هەرێم ڕەت بكرێتەوە، دەبێت ئەم بابەتە بە ڕوونی و بە تووندی بە هاكان فیدان بگەیەنرێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا گرنگە، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی دۆسێیەی ئاو و ئەمنی.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی عێراق بە قەیرانێكی وشكەساڵی گەورە و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، بەڵام توركیا بە مەبەست پشكی ئاوی عێراق دەبڕێت، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە پشكی ئاوی عێراق نادات، ئەوەش فشارە، بۆ ئەوەی دژى عێراق بەكارى بهێنێت بە مەبەستى بەدەستهێنانی ئامانجە تایبەتەکانى خۆى.

بڕیارە ئەمڕۆ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بە سەردانێكی فەرمی بگاتە بەغدای پایتەخت، بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ سەردانەكەی ئەردۆغانی سەرۆكی دەوڵەتی داگیركەری تورك.

ماهر جەودە
ماهر جەودە

هەروەها، ماهر جەودە، چاودێری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، داتا و زانیاریەكان پشتڕاستی دەكەنەوە، كە سەردانەكەی هاكان فیدان بۆ بەغدا بە مەبەستی ڕێكخستنی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی ئەردۆغانە، لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت ئەو دوو سەردانە بە دەرفەت بزانرێت و سوودى لێ ببینرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو كێشانەی، كە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشى عێراق.

باسی لەوەشكرد، سەردانەكەی هاكان فیدان بۆ بەغدا، پێدەچێت جارێكی دیكە داوای لێخۆشبوون لە بڕیاری قەرەبووی پاریس بكات، بەڵام نابێت بەغدا دەستبەرداری ئەو قەرەبووە داراییە ببێت، دەبێت حكومەتی عێراق ڕەتى بکاتەوە، چونكە ئەم پارەیە بۆ هیچ موزایەدەیەكی سیاسی و كەسی بەكارناهێنرێت.

لە درێژەی قسەكانیدا وتی: توركیا دەیەوێت، لە ڕێگەی سەردانەكەی هاکان فیدان و ئەردۆغان ئامانجەکانى خۆی لە عێراق بەدەستبهێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت عێراق ئاگاداری پلانی توركیا بێت، بەتایبەتی لە ئێستادا، کە پلانى داگیركردنی خاكی عێراقی هەیە بەتایبەتی لە هەرێم كوردستان.

جێگەی ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردومانكردنی خاكی عێراق و گوندەكانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی خەڵكی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا ئەم بابەتە نەخراوەتە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.