زیاتر لە سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بەردەست نییە

ناوەندی هەواڵەکان

سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆتا پەیوەندی تەلەفۆنی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ براکەییدا، لە دوای ئەو پەیوەندییەوە گۆشەگیرییەکی تووند لە دژی بەڕێوەدەچێت و بە ناوی سزای دیسپلینەوە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن، لەو کاتەوە تا ئێستا وێڕای سەدان جار داواکاری بۆ بینینی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، ئەمەش نیگەرانی لەلای وڵاتپارێزان و ئازادییخوازان درووست کردووە.

ماوەی چارەکە سەدەیەکە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا بە بەشداری هەریەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا، تورکیا و ناتۆ، لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کراوە، ماوەی سێ ساڵیشە گۆشەگیریی تووند لە دژی بەڕێوەدەچێت و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت.

ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو هیچ زانیارییەک لە ئیمرالییەوە نەبوو، پاش فشارەکان لەسەر دەوڵەتی تورک و ڕاگەیاندنی کامپەینی مانگرتن لە هەرچوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، لە ٢٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢١، دەوڵەتی تورک ناچار کرا، ڕێگە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ڕێبەر ئۆجالان و محەمەد ئۆجالانی برای بدات، هەرچەندە ماوەی پەیوەندییەکە زۆر کەم بوو، لە دوای ئەوەوە تا ئێستا گۆشەگیریی تووند لە دژی بەڕێوەدەچێت.

ماوەی پەیوەندییەکە تەنها چوار بۆ پێنج خولەک بوو، دوای ئەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکە پچڕا، هەرچەندە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشدا ڕێبەر ئۆجالان ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرێت و دەڵێت: ئەمە هەڵەیە، نابێت دەوڵەت پاش ساڵێک ڕێگە نەدان بە ئەنجامدانی دیدار، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڕێکبخات، دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا پارێزەرانم بێنە ئێرە و دیدارم لەگەڵ ئەنجام بدەن.

پاش ئەو پەیوەندییە، پارێزەرانی یاسایی سەدە، کە تیمی پارێزەرانی تایبەت بە “ڕێبەر ئۆجالان، خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش”ـن، بە سەدان جار و هەفتەی دووجار، هەروەها داوای بەردەوامی بنەماڵەکانیان، داواکاریی لە داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانی ئیمرالی دەکەن، بەڵام بەناوی سزای دیسپلینەوە، کە چەندین جارە بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە ڕێگە بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان و دەستگیرکراوانی دیکەی ئیمرالی نادرێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت کە لە ١٧ـی کانونی دووەم لەلایەن فەرمانگەی یاسایی سەدە بڵاوکراوەتەوە:

– لە ٢٧ـی تەمووزی ٢٠١١ـوە لە نێوان مانگی ئایار تا ئابی ٢٠١٩، تەنها پێنج جار دیداری لەگەڵ پارێزەران ئەنجامدراوە؛ دوایین کۆبوونەوە لە ٧ـی ئابی ٢٠١٩ ئەنجامدراوە.

– لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تەنها پێنج دیدار لەگەڵ خێزانەکەی ئەنجامدراوە.

– لە ٣ـی ئازاری ٢٠١٠ چاوپێکەوتن لەگەڵ براکەی بەڕێوەچوو.

– لە یەکەم ڕۆژەوە تەنها ٢ جار (٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١) پەیوەندی تەلەفۆنی هەبووە.

– پەیوەندی تەلەفۆنی ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا و لە نیوەدا بڕدرا و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە.

هەرچەندە کۆمیتەی ڕێگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی)، لەو ماوەیەدا چەند جارێک سەردانی تورکیا و بە تایبەت دورگەی ئیمرالی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لە بارەی ئیمرالیی و بارودۆخی ڕێبەر ئۆجالانەوە ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش نیگەرانی لەلای تەواوی وڵاتپارێزان و ئازادییخوازانی جیهان دروستکردووە.

کۆتا سەردانی کۆمیتەکە بۆ تورکیا لەنێوان ١٣ تا ٢٢ـی شوباتی ٢٠٢٤ بوو، ئەم کۆمیتەیە سەردانی زۆرێک لە زیندانەکانی تورکیای کرد، بەڵام سەردانی دورگەی ئیمرالی نەکرد و هیچ زانیارییەکی بۆ گەل ئاشکرا نەکرد.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، لە تەواوی جیهانەوە، لە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، سەرەتا لە ٧٤ ناوەندی سەرانسەری جیهانەوە دواتر بوو بە زیاتر لە ١٠٠ ناوەند، کامپەینی “ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ دۆزی کورد” دەستیپێکرد و بە سەدان چالاکیی و ڕێپێوان داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان کرا و لە ئێستاشدا ئەم کامپەینە لە قۆناغی دووەمیدایە.

سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەی دورگەی ئیمرالییەوە نازاندرێت، ئەمەش نیگەرانی لەلای تەواوی ئازادییخوازان دروستکردووە، پێیان وایە لە پشت دەرگای زیندان لە ئیمرالی شتێک دەگوزەرێت، بۆیە شەقامەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تەواوی شارە گەورەکانی جیهان، داوای ئازادیی و ئیدانەی ئەو گۆشەگیرییە توندەی تێدادەکرێت کە لە دژی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت.

ب. جـ

Comments are closed.