لەگەڵ هاتنى جەژن نرخی كاڵا و شتومەكەكان لە عێراق بەرز دەبێتەوە

بەغدا

لەگەڵ نزیك بوونەوەی جەژنی ڕەمەزان و نەبوونی چاودێرى بازاڕ لەلایەن حكومەتەوە نرخی كاڵا و شتومەكەكان لە بازاڕەكانی عێراق بەرز بوەتەوە، فرۆشیارانیش ناڕەزایەتی لەو دۆخە دەردەبڕن و پێیان وایە، بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار هۆكارێكی بێ بازاڕییە.

لە ماوەی ساڵانی پێشوودا و لەگەڵ هاتنی جەژندا بازاڕەکانى عێراق جوڵەیەكی بازرگانی گەورەی تێدا بوو، بەجۆرێک چەند ڕۆژێك پێش جەژن هاوڵاتییان دەچوونە بازاڕەكان و جۆرەها شیرینی و جل و بەرگ و پێداویستییەكانی دیكەیان دەكڕی، بەڵام ئەم جەژنە هاوڵاتیان وەک پێویست ئامادەکارى بۆ هاتنى جەژن ناکەن.

زرعام نەشات
زرعام نەشات

لەوبارەوە زرعام نەشات، فرۆشیارێکە لە شارى بەغدا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە ئێستادا خواست لە بازاڕدا لاوازە، بەو پێیەی پارە لە بانكەكاندا نییە، ئەمەش یەكەم ساڵە پاشەكشەیەكی وا لە بازاڕدا ڕووبدات و لە ساڵانی ڕابردوودا هاوڵاتییان بە گەرمیەوە پێشوازیان لە جەژن دەکرد، بەڵام ئێستا، کە نزیک دەبینەوە لە جەژن وەك ڕۆژانی ئاسایی تێدەپەڕێت.

هەروەها، یاسر خەرزجی، هاوڵاتییەكی بەغدایە و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لە نرخی كەلوپەل و پێداویستەكانی هاوڵاتییان هەیە لە بازاڕەكانی بەغدا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان، بۆیە دەبێت حكومەت چاودێری بازاڕەكان بكات، چونکە كەسێك مووچەكەی ٥٠٠ هەزار دینار بێت، ناتوانێت هیچ شتێك بكڕێت.

باسی لەوەشكرد، نازانین ئامانجی بەرزبوونەوەی نرخەكان لە سەرەتاى ڕەمەزانەوە تا جەژن چییە، هەرچەندە لە بازاڕەكاندا جموجوڵ هەیە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی كاڵاكان و دۆلار، بازاڕەكان وەك جاران نین.

یاسر خەرزجی
یاسر خەرزجی

ئاماژەی بەوەشكرد، نرخەكان لەگەڵ دۆخى ئێمەی هاووڵاتییانیدا ناگونجێن، هەرچەندە گوێمان لە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو سەبارەت بە چاودێریكردنی نرخی بازاڕ، بەڵام ئەو بابەتە لە واقیعدا وانییە، چونکە نرخی كیلۆیەك گۆشت لە ئێستادا بە ٢٢ هەزار دینارە، كەواتە كوا ڕۆڵی حكومەت؟

دەزگای ئایندەی عێراق بڵاوی كردەوە، لە ئێستادا نرخى كاڵا و پێویستیە سەرەكییەكانی هاوڵاتییانی عێراق بە ڕێژەی لە ٣٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە، بەتایبەتی نرخی گۆشت، كە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٣٦٪ بەرزبوەتەوە، هەروەها نرخی ماسی و شیرەمەنیەكانیش زیادیان كردووە.

نزار
نزار

نزار، خاوەن دووكانە و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تێكچوونێكی گەورە لە نرخى پێداویستیەکان بازاڕەکانى عێراقدا هەیە، هیوادارین دوای جەژن دۆخەكە باشتر بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرزبونەوەى نرخەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستیپێكردووە، هەروەها قەیرانی ئابووری و بەرزی بەهای دۆلار هۆکارن بۆ چەقبەستوویی بازاڕ.

جێگای ئاماژەیە، بە وتەى چاودێران و هاوڵاتییان بەرزبوونەوەی نرخى پێدوایستى ڕۆژانەى هاولاتییان بەتایبەتى پێداویستیەکانى جەژن لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە دەستی پێكرد، سەرەڕای هەڕەشەكانی حكومەت لە سزای تووند ئەو كەسانەی كە دەستكاریى نرخ دەكەن، بەڵام هیچ سوودێكی نەبوو، حكومەت جەختی لەوە كردەوە چاودێری بازاڕەكان دەكەن و كار بۆ چارەسەركردنى كەمی هەندێك ماددەی خۆراكی دەكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.