لە ڕۆژانى جەژندا لە سلێمانى ٨٣ کەس بە ڕووداوى هاتوچۆ برینداربوون

ناوەندى هەواڵەکان

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوى کردەوە، لە ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزاندا پێنج هەزار و ٧٧ کەس سەردانى نەخۆشخانەکانى سنوورەکانمانیان کردووە، دەشڵێن، لە ڕۆژانى جەژندا لە سلێمانى ٨٣ کەس بە ڕووداوى هاتوچۆ برینداربوون.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی سلێمانی لەبارەى ژمارەى ئەو کەسانەى لە ڕۆژانى جەژندا سەردانى بنکەکانى تەندرووستیان کردووە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ڕۆژانی جەژندا نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندرووستییەكانی سنوورەکەمان بەردەوام بوون لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی و بەهاناوەچوون و چارەسەركردنی هاوڵاتییان و لەوچوارچێوەشدا پێنج هەزار و ٧٧ کەس سەردانى نەخۆشخانەکانى سنوورەکانمانیان کردووە.

دەشڵێن، لەوماوەدا ٨٣ برینداری ڕووداوی هاتوچۆ هەبووە، ٤٣ برینداری جۆراوجۆر، ٣١٥ شكاوی چارەسەركراون و ١٠٨ شووشتنەوەی گورچیلە ئەنجام دراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری ٢٧١ نەخۆش سەردانیان كردوە و ٧٥ نەخۆش داخڵكراون و ٥٨ منداڵ لە دایكبوون، کە ٣١ لەوانە كوڕ بوون و ٢٧ـی دیکەیان كچ بوون.

باس لەوەشکراوە، لە نەخۆشخانەی كۆئەندامی هەرس و جگەر ١٩ نەخۆشی كتوپڕی خوێن بەربوونی گەدە و كۆڵۆن چارەسەركراون و ٧ نەخۆش تەنی نامۆ لە گەدەیان دەرهێنراوە.

ئ.م

Comments are closed.