ئیسرائیل هەڕەشەى وەڵامدانەوەى هێرشەکان لە ئێران دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو ھێرشەی ئێران کردیە سەر وڵاتەکە بێ وەڵام نامێنێتەوە و لەکاتی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە، دەشڵێت: پێشتر بەم جۆرە هێرش نەکراوەتە سەر ئیسرائیل، سەرەڕای داواکاری زۆر بۆ بێدەنگبوون، بەڵام سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، سوورە لەسەر وەڵامدانەوەى هێرشەکانى ئێران.

ھێرزی ھالیڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە هێرشەکانى ئیسرائیل ئەنجامدا.

ھێرزی ھالیڤی ڕایگەیاند، ئاڕاستەکردنی چەندین مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت، چونکە پێشتر بەو شێوەیە هێرش نەکراوەتە سەر ئیسرائیل.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا تاوتوێی چۆنیەتى وەڵامدانەوەى ئێران دەکەن و لەکاتی گونجاودا وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە.

لەلایەکى دیکەوە میدیاکانى ئیسرائیل ئەوەیان بڵاوکردوەتەوە، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ئەوەى کە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانى دیکە لە هەوڵدان کە ئیسرائیل ڕازی بکەن وەڵامی هێرشەکان نەداتەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردوە، لەناو کابینەکەى ناتانیاهۆ دەنگێکی بەهێز هەیە کە وەڵامی ئێران نەدرێتەوە، چونکە پێیانوایە مادام هێرشەکان بێ زیان بوون، ئەوا پێویست ناکات دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بکرێت، بەڵام ناتانیاهۆ سوورە لەسەر وەڵامدانەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێک لە سیاسەتمەدار و بەرپرسانى پێشووی حکومەتى ئیسرائیل نەیاری خۆیان بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکانى ئێران دەربڕیوە و هانی حکومەتی ناتانیاهیۆ دەدەن دان بەخۆیدا بگرێت و بەرەیەکى دیکەش شەڕ نەکاتەوە.

هەر لەسەر ئەو پرسە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا هۆشداری دەدات لە ئاڵۆزبوونى زیاتری دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشەکانى ئێرانەوە بۆسەر ئیسرائیل و دەڵێت:داوامان لە ئیسرائیل کردوە، وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەداتەوە و هەوڵی ڕازیکردنى دەدەین.

شەوی ١٣ـی ئەم مانگە ئێران ٥٠ موشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و سەرجەمیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئیسرائیلەوە تێکشکێنران، ئەم هێرشانەش لە تۆڵەى ئەو هێرشەى کە لە ١ـی نیسان لە دیمەشق کرایە سەر کونسوڵخانەى ئێران و تێیدا حەوت ئەفسەری باڵای ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کوژران.

هـ.ح

Comments are closed.