ژینگەى هەرێمی کوردستان لەناو بێدەنگی و بێهەڵوێستیدا چۆن وێران دەکرێت؟

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژی ١٦ـی نیسان بە ڕۆژی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دیاری کراوە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی تاوانێکی گەورە، ئەویش کیمیابارانکردنى ناوچەکانى شێخ وەسان و بالیسانە لەلایەن ڕژێمی بەعسی قڕکەرەوە.

لەکاتێکدا کە ڕۆژی ژینگەى کوردستان بەڕێدەکەین، دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆ داگیرکردن و وێران کردنى خاک و خەڵک و ژینگەی کوردستان هەموو هێزی خۆیان خستووەتە گەڕ، بەو ئامانجەی لەیەک کاتدا گەلی کورد و خاک و ژینگەکەی بەیەکەوە قڕ بکەن و لەناوی بەرن، لە ڕابردوودا ڕژێمی بەعس و ئێستاش دەوڵەتى داگیرکەری تورک.

ئێوارەی ١٦-٤-١٩٨٧ ڕژێمی دژ بە مرۆڤ و ژینگەیی کوردستان، بە بۆمب و ناپاڵمی کیمیایی ناوچەکانی شێخ وەسان و بالیسانی كیمیا باران كرد،  دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی یەكەمین قوربانیی چەكی كیمیایی دەستى ئەو ڕژێمە کۆمەڵکوژەن، ئەو كیمیاباران كردنە ٢٦٤ هاوڵاتیی شەهید و زیاتر لە ٦٠٠ هاوڵاتیی برینداری لێكەوتەوە.

ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك ئەو ڕۆژەی كرد بە ڕۆژی ژینگەی كوردستان، هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لەسەر ئاستی جیاواز چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەرێن و لەشارو شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان بە سەدان هەزار دار دەچێنرێن بە ئامانجی سەوز کردنى زیاتری دارستان و سەوزایی.

یەکێک لەو چالاکییانە کە هەموو ساڵێک بە گەرموگوڕییەوە بەڕێوە دەچێت، چواری نیسانە کە ڕۆژی لەدایکبوونى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، بەو بۆنەیەوە ئەمساڵیش هەزاران دار لەژینگەى کوردستاندا چێنراون و ژینگەی کوردستانیان پێ سەوز کرا.

هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگەى هەرێمی کوردستان؟

چەندین هۆکاری سەرەکی و لاوەکی هەیە کە ژینگەى هەرێمی کوردستانیان ڕووبەڕووی مەترسییەکى گەورە کردووەتەوە، بەنموونەش ” زۆری ژمارەى ئۆتۆمبێل، مۆلیدە ئەهلییەکان، ئامێرەکانی فێنکەرەوە و گەرمکەرەوە، پاشماوەکانی هاوڵاتییان، پاشماوەى نەخۆشخانەکان، پیس کردنى ژینگە، کەمی ڕێژەی سەوزایی، نەبوونى هۆشیاریی ژینگەیی، بێباکی حکومەت، چەندین هۆکاری دیکەش.

یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی دیکەى سەر ژینگەى هەرێم، هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک و ڕژێمی ئێرانە، ژینگەى کوردستانیان بەرەو وێرانە بردووە، کە بە بۆردوومان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی زەمینی و بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان و پاوان و ڕەز و باخی هاوڵاتییانە، کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە کە ڕۆژانە دەردەکەوێت و بۆ داهاتووش وێرانکارییەکەی بە تەواوی دەبیندرێت.

دەوڵەتانى داگیرکەری ناوچەکە لەگەڵ ئەوەى یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان کۆمەڵکوژکردنى گەلی کوردە، هاوکات لەرێی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و جۆرە چەکە قڕکەرەکانى دیکەوە دەیانەوێت ژینگەى کوردستان وێران بکەن و ژەهراوی بکەن کە سەدان ساڵی دیکەى پێ بچێت تا سەوز بێتەوە.

ئێستا بەهەمان شێوەى ڕابردوو خاک و ژینگەى کوردستان لەبەردەم هێرشی دەوڵەتى داگیرکەری تورکدایە، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە هەموولایەکەوە کەوتووەتە وێزەى خاک و خەڵک و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک دەیەوێت خاک و خەڵک بەیەکەوە قڕ بکات و لەناوی بەرێت.

یەکێکى دیکە لەو مەترسییانە گرتنەوەى ئاوی ڕووبارەکانە لەلایەن هەردوو وڵاتى تورکیاو ئێرانەوە، ئەوەش مەترسییەکى جدی لەسەر هەرێمی کوردستان درووست کردووە، هاوکات کۆبوونەوەی ڕێژەى بێ شووماری خۆڵ و خاشاک لەناو شارەکان و دەرەوەى شارەکان ئەمڕۆ بووەتە مەترسییەکى جدی و سەرەکى لەسەر ژینگەى کوردستان.

کەمتەرخەمی حکومەتى هەرێم بەرامبەر ژینگە

ئەگەرچی حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنى ژینگەو هەندێک پلانی خۆیان لەسەر ئەوپرسە دەکەنەوە، بەڵام بەشیوەیەکى جدی و سیستەماتیک رۆڵ و ئەرکی ئەوان زۆر لاوازەو نەیانتوانیوە ببنە هێزی مانەوەو پاراستنی ژینگەى هەرێم، ئەو هەنگاوانە بەلای پسپۆڕان و چالاکوانانى بواری ژینگە نەک نابنە هۆی پاراستنى ژینگە، بەڵکو ڕێگەشی خۆشکردووە بۆ زیاتر تێکدانی ژینگەى هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردوومان و هۆكارە ناوخۆییەكانەوە نزیکەى لە دوو ملیۆن دۆنم دارستان و پووش و پاوەن سوتاون، بەڕێژەی لە ٤٥٪ـی هۆكاری ئەو ئاگركەوتنەوانە لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی دەوڵەتانى داگیرکەری توركیا و ئێران بووە.

حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بێدەنگن لەو مەترسییانەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک و ئێران ڕووبەرووی ژینگەى کوردستان بوونەتەوە.

بەپێی ئاماری هەپەگە دەوڵەتى تورک لە ساڵی ٢٠٢١ دا نزیکەى هەزار جارو لە ساڵی ٢٠٢٢دا تائێستا زیاتر لە سێ هەزار جار چەکی کیمیایی لە ناوچەکانى هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە، ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەکە زیادی کردوە و بەردەوام ئەم چەکە قڕکەرە دژی گەریلا و ژینگەى کوردستان بەکاردەهێنێت.

 هەروەها حکومەت و پەرلەمان بێدەنگ بەرامبەر بە تاڵانکردنی دارستانەکانی باشووری کوردستان کە ڕۆژانە زیاتر لە ٣٥٠ تۆن دەبڕینەوەو بەسەدان هەزار دار لە دارستانەکان دەبڕنەوەو دەیبەنەوە لەشارەکانى تورکیا دەیفرۆشنەوە.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٢.٤٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە ڕێژەی سەوزایی نابێت  لە ١٥٪ کەمتر بێت، هیچ هەوڵێکی حکومەتى هەرێم بە کرداری نابیندرێت بۆ زیادکردنى ئەو ڕێژەیە، بەپێچەوانەوە مەترسی لەسەر لە ١٢%کەش هەیە.

هـ. ح

Comments are closed.