هاوڵاتییان داوای یەكگرتنی لایەنە كوردییەكان لە دژی دەوڵەتی تورك دەكەن

چەمچەماڵ

هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە دژی داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورك داوای یەكگرتنی لایەنەكانی باشووری كوردستان دەكەن و پێیان وایە بەو كارە دەتوانرێت كوردستان لە داگیركارییەكان بپارێزرێت دەشڵێن: دەوڵەتی تورك بەبێ جیاوازی تەنها مەبەستییەتی كورد کۆمەڵکوژ بکات.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر هێرشەکانى بۆ باشووری کوردستان بەردەوامە و لە نوێترین هێرشی داگیرکاریشیدا بۆردوومانى سنووری گەڵاڵەى لە ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد و بەهۆیەوە گەنجێکی وڵاتپارێز شەهید بوون و ژمارەیەک خانووی هاوڵاتییانیش ڕووخان.

هاوڵاتییانی شارۆچكەی چەمچەماڵ لە بارەی بۆردوومانە بەردەوامەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی هاوڵاتییانی هەرێم، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

پشتیوان سەعید
پشتیوان سەعید

پشتیوان سەعید هاوڵاتییەكی شارۆچكەی چەمچەماڵە و دەڵێت: دەوڵەتی داگیركەری تورك تەنها مەبەستی كورد كوشتنە، بۆ ئەو جیاوازی نییە ئەو كوردەی دەیكوژێت هەڵگری چی ئایدۆلۆژیایەكە یان سەر بە چی لایەنێكە، تەنها ئەوەی بۆ ئەو گرنگە كوردە.

ئەو هاوڵاتییە داوا لەلایەنە كوردیەكانی باشوور دەكات بەتایبەتی یەنەكە و پەدەكە یەكگرتووبن، چونكە دەوڵەتی داگیركەری تورك تەنها ئامانجی كوشتنی كوردە، داوا لە حكومەتی عێراقیش دەكات كار بكات بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك.

پشتیوان سەعید وتیشی: هۆكاری بێدەنگی پەدەكە لە بارەی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەرخەری ئەوەیە، كە ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێر لە نێوان دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە هەیە.

زیرەك قەرەتامۆری
زیرەك قەرەتامۆری

زیرەك قەرەتامۆری هاوڵاتییەكی دیكەی چەمچەماڵە و بە ڕۆژنیوز وت: لە مێژە دەوڵەتانی داگیركەر هەر جارە و بەهۆكار و تۆمەتێك هەوڵی لە ناوبردنی كوردستانیان داوە، بەداخەوە لە ناوخۆی كوردستانیشەوە هاوكاری دەكرێن.

دەشڵێت: لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن حزبی دیاریكراوەوە هاوكاری دەكرێن و ئەو حزبانە دەستی ئەو داگیركەرانە دێننە ناو وڵاتەكەمانەوە، چونكە “گەر دار خۆرەی خۆی نەبێ هەزار ساڵ دەژی”، بەداخەوە لە ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەوە دەستی داگیركەر دێننە ناو باشووری كوردستان و دەیانەوێت ئەزموونەكەی لە ناوبەرن.

ئەو هاوڵاتییە داواكارییەك ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و داوای یەكگرتووی لایەنەكان دەكات و دەشڵێت: بەیەكگرتوویی دەتوانین بەسەر دوژمنەكانماندا زاڵ بین، تاكەی دەوڵەتانی داگیركەر بۆردوومانمان بكات؟

دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچەكانی باشووری كوردستان دەكات، تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا نۆ هاوڵاتی مەدەنى بەهۆی بۆدروومانەکان و کردەوەى تیرۆری لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەری تورکەوە شەهید بوون و چوار هاوڵاتییش بریندار بوون ئەوە جگە لە وێرانکردنی خان و ماڵ و ڕەز و باخی هاوڵاتییان.

هـ.ئ

Comments are closed.