ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سوودانی و بایدن ئاشكرا كرا

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێكی باڵا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبووە و تاوتوێی چەند پرسێكی هاوبەشیان كرد، دیارترینیان شكستی چەتەكانی داعش و ئابووری و وزە و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو، هەردوولا خواستی خۆیان بۆ دووبارە كردنەوەی بۆری نێوان هەرێم و توركیا دەربڕیی و باسیان لە مووچەی فەرمانبەران و هەڵبژاردنی هەرێم کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە یاوەری شاندێكی باڵا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبووە و تاوتوێی چەند پرسێكی هاوبەشیان كرد، هەردوو سەرۆك پابەندبوونی خۆیان بە هاوبەشی ستراتیژی هەمیشەیی نێوانیان دووپاتكردەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، هەردوولا دیدگای خۆیان بۆ هاوكاریی هەمەلایەنەیان بەگوێرەی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ نێوان عێراق و ئەمریكا تاوتوێ كرد، هەردوو سەرۆك كۆك بوون لەسەر گرنگی كار كردنی پێكەوەیی بۆ زیاد كردنی سەقامگیری ناوچەكە و ڕێزگرتن لە سەروەریی و سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوو سەرۆك بیروڕایان لەسەر ڕێگاكانی هاوكاری لە بوارەكانی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەتی نێوان عێراق و ئەمریكا ئاڵوگۆڕ كرد، ئەمریكا پشتیوانی لە دەوڵەتێكی بەهێز و سەقامگیری عێراق دەكات، كە كار بكات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتیی و پێشكەوتن لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وزە و ژینگە

جۆ بایدن ستایشی ئەو پێشكەوتنانەی كرد، كە عێراق بەدەستی هێناوە لە گەیشتن بە خۆبژێوی لە بواری وزەدا، هەروەها هەردوو سەرۆك تاوتوێی دەرفەتەكانی داهاتوویان كرد، بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی وزە تا ساڵی ٢٠٣٠ بە هاوكاری كۆمپانیا ئەمریكییەكان.

وتیشی: پاڵپشتی ئەمریكا بۆ هەوڵەكانی عێراق بەردەوامە، بۆ مۆدێرنكردنی كەرتی وزە، كەمكردنەوەی دەردانی غاز، باشتركردنی تەندرووستی گشتیی، دابینكردنی كارەبای بۆ گەلی عێراق و تەواوكردنی پەیوەندی تۆڕەكانی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی كەنداو.

سوودانی و بایدن جەختیان لە گرنگی دەستەبەر كردنی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی عێراق بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەكان كردەوە، خواستی خۆیان بۆ دووبارە كردنەوەی بۆری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەربڕی.

هاوكاری سیاسیی

بایدن پشتیوانی ئەمریكای بۆ عێراق دووپاتكردەوە، سەبارەت بە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە، بۆ دەستەبەر كردنی ئاسایش و سەقامگیریی و فەراهەم كردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەی، هەروەها بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پاڵپشتی كردنی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە یەكگرتنی زیاتری ئابووریی عێراق لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرا.

لەو چوارچێوەیەدا بایدن ستایشی هەوڵەكانی هەردوو حكومەتی كرد، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەوانەش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها بایدن پشتگیری ئەمریكای بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لە عێراق دووپاتكردەوە، لەوانەش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و لە هەرێمی كوردستان.

ئابووریی

سوودان و بایدن باسیان لە هەوڵەكانی عێراق كرد، بۆ چاكسازی لە كەرتی دارایی و بانكیدا، كە یارمەتیدەرن بۆ بەستنەوەی عێراق بە ئابووریی نێودەوڵەتی و زیاد كردنی بازرگانی، هاوكات پاراستنی گەلی عێراق لە كاریگەرییە زیانبەخشەكانی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، چونكە زۆرینەی كارەكانی دارایی بازرگانی ئێستا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی و ڕێوشوێنەكان بۆ باشتركردنی وەبەرهێنان لە عێراق و بۆ ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووریی عێراق كرد.

شكستی داعش

سوودانی و بایدن باسیان لە پابەندبوونیان بە عێراقێكی سەقامگیر و ئەمنییەوە كرد، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت هێزە ئەمنییەكانی عێراق دڵنیابن لەوەی، كە داعش ناتوانێت جارێكی دیكە لە ناوخۆی عێراقدا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر گەلی عێراق و ناوچەكە یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لە دیدارەكەدا باس لە سەركەوتنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی عێراق و سووریا كرد، چونكە شكستی هەمیشەیی داعش یارمەتیدەر دەبێت لە دەستەبەركردنی ئاسایشی عێراق و ناوچەكە و جیهان لە داهاتوودا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەدیهێنانی خواستەكانی نێوانمانە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگەوە، محمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە واشنتۆن و چەندین كۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا ئەنجام داوە، تا ئێستاش سوودانی و شاندەكەی لە ئەمریكایە و بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی.

هـ.ئ

Comments are closed.