هەڵەبجە
بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتییان لە زیانەکانی ماددەی پلاستیک و نایلۆن، ھەڵمەتی دابەشکردنی تورەکەی خام لە ھەڵەبجە بەڕێوەچوو، ھاوکات لەگەڵ دابەشکردنی تورەکەکاندا نەمامیش درایە ھاوڵاتییان بۆ ئەوەی لە ماڵەکانییان بیڕوێنن ڕێژەی سەوزایی پێ زیاد بکرێت.
ئەمڕۆ ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستانەوە، زنجیرەیەک چالاکی ئەنجامدا، وەک سازکردنی سمیناری هۆشیاریی و دابەشکردنی نەمام و تورەکەی خام بەسەر ھاوڵاتییانی هەڵەبجەدا.
حوسنا ھەورامی ئەندامی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستانەوە، وەک ڕێکخراوی نوێ ھەستاین بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی، لەوانە ئەنجامدانی سمیناری ژینگەیی بۆ خەڵکی ھەڵەبجە، ھەروەھا ھەڵمەتی دابەشکردنی نەمام و تورکەی خام بەسەر ھاوڵاتییاندا لە کۆڵان و گەڕەکەکانی شارەکە.
وتیشی: وەک ڕێکخراوەکەمان کارگەیەکی بچوکی درووست کردنی تورکەی خاممان ھەیە، جگە لە ڕۆژی ژینگە بەردەوام لە بازاڕ و ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتیەکاندا دابەشی دەکەین، ئەمڕۆش لەم یادەدا ویستمان زۆرترین تورەکە دابەشبکەین بەسەر ھاوڵاتیاندا.
ڕوونیکردەوە، ئامانجیان لەو کارە هۆشیار کردنەوەی هاوڵاتیانە لە زیانەکانی پلاستیک، کە چەند بۆ تەندرووستیی و ژینگە مەترسیدارە، بۆی گونجاوترە لەبری ئەو کیسە نایلۆنانە تورەکەی خام بەکاربهێنرێت.
ش. ئـ
Comments are closed.