پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی سبەینێی بڵاو كردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی سبەینێی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە، کە لە کۆبونەوەکەدا خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای زیان بەركەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییەوە ئامادەكراوە.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و تێیدا خوێندنەوە و دەنگدان بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك بكات، لەوانەش خوێندنەوەی یەكەم بە مەبەستى قەرەبووكردنەوەی موڵك و ماڵی ئەو هاوڵاتیانەی، كە لە سەردەمی ڕِژێمی بەعس زیانیان بەركەوتووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای زیان بەركەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بكرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای زیندانیە سیاسییەكان دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییەوە ئامادەكراوە.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە كۆبوونەوەكە لە كاتژمێر ١ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.

هـ.ئ

Comments are closed.