تاوان و پێشێلکارییەکانی ئەردۆغان بوو بە ڕۆژەڤی کۆنگرێسی ئەمریکا

ناوەندی هەواڵەکان

کۆنگرێسی ئەمریکا دانیشتنێکی تایبەتی لەبارەی تاوان و پێشێلکارییەکانی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا ئەنجامدا، لە زیندانییکردن و تیرۆر و قەدەغە و بێسەروشوێنکردن و دژایەتی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان.

کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ لە گۆنگرێسی ئەمریکا دوێنێ ڕۆژی سێشەمە، دانیشتنێکی سەبارەت بە تاوان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا بەڕێوەبرد، ئەمەش پێش سەردانەکەی ئەردۆغان دێت بۆ ئەمریکا کە بڕیارە لە ٩ـی مانگی داهاتوو سەردانی واشنتۆن بکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەتی کریس سمیث، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بۆ مافی مرۆڤ، بڵاو کراوەتەوە هاتووە، کە ناوبراو سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کۆنگرێسی کردووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا.

هەروەها ڕایگەیاندووە، بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦وە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٩٥ هەزار هاوڵاتی دەستبەسەر یان زیندانیی کردووە و هەروەها زیاتر لە ١٥٠٠ ڕێکخراوی ناحکومیشی بە بیانووی جۆراوجۆر قەدەغە کردووە.

سمیث لە دانیشتنەکەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە کۆمەڵێک پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، وەک تیرۆری بە مەبەست، مردنی گوماناویی کەسانی دەستبەسەرکراو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، دەستگیرکردن بە مەبەست و بەردەوامی دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس و سنووردارکردنی توندی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، دەشڵێت: داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین ڕێڕەوی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بگۆڕێت و ڕەوشەکە باشتر بکات.

لە دانیشتنەکەی کۆمیسیۆنی تام لانتۆسدا چەندین کەس سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان و ئازادییەکان لە تورکیا شایەتییان داوە و ئەزموون و ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش کردووە.

نێدین ماینزا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی (IRF) و سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیی یەکێک لە بەشداربوانی دانیشتنەکەی کۆمیسیۆنی تام لانتۆس بووە، کە سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پیشێلکارییە مرۆییەکانی حکومەتی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد و دەڵێت: تورکیا لە لیستی چاودێرییدایە سەبارەت بە پێشێلکردنی ئازادیی ئایینی و بەرزبوونەوەی هەست و هەروەها خراپ بەکارهێنانی یاساکان لە ژێر ناو و بانگەشەی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان.

هەروەها ماینزا دەڵێت: زۆرێک لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڵاواردن دەبنەوە، لەوانە عەلەوییەکان کە گەورەترین کەمینەی ئایینین لە وڵاتەکەدا و لەلایەن حکومەتەوە دانپێدا نەنراون و شوێنە پیرۆزەکانیان ڕووبەڕووی تێکدان و هێرش دەبنەوە.”

دەشڵێت: “ئەمەریکا دەبێت تورکیا بخاتە ژێر گوشار بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد و ناچاری بکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکە و بیانووی ئەردۆغان ببڕێت بۆ درێژەدان لە پەراوێزخستنی کوردەکان.”

ب.گ

Comments are closed.