بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی ٦.٣ پلە ژاپۆنی هەژاند

ناوەندی هەواڵەكان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٣ پلەی ڕێختەر لە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆن ڕوویدا، لە ئەنجامدا هەشت كەس بە سووكی برینداربوون، بەرپرسانى ئەو وڵاتەش دەڵێن: هیچ مەترسی ڕوودانی تسونامی نییە.

میدیا جیهانییەكان لە بارەی ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە باشووری ژاپۆن زانیاری نوێ لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاو دەكەنەوە.

بەرپرسانی ژاپۆن ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٦.٣ پلەی ڕێختەر لە باشووری ڕۆژئاوای ژاپۆن ڕوویدا، لەئەنجامدا هەشت كەس بە سووكی برینداربوون، هەموو ئەو بریندارانە تووشی برینێكی سووك بوون، كە زۆربەیان بەهۆی كەوتنەخوارەوەی كەلوپەلەوە بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، ناوەندی بوومەلەرزەكە لە كەناڵێكدا بووە كە دوورگەكانی كیوشو و شیكۆكو جیادەكاتەوە، نزیكەی ١٨ كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئاواجیمە و بە قووڵایی نزیكەی ٢٥ كیلۆمەتر ڕوویداوە، هەروەها زیانە ماددییەكانی بوومەلەرزەكە زۆر كەم بووە و هیچ مەترسی ڕوودانی تسونامی نییە.

جێگەی ئاماژەیە، ژاپۆن لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١١دا سەختترین بوومەلەرزەی بە گوڕی ٩ پلە كەناراوەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند، بومەلەرزەكە بووە هۆی دروستبوونی تسونامی، هەروەها  نزیكەی ١٨ هەزار و ٥٠٠ كەس گیانیان لەدەستدا.

هـ.ئ

Comments are closed.