سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ سی پی تی دیدار ئەنجامدرا

ناوەندی هەواڵەکان

هەریەک لە عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئۆزگور فایەق ئەرۆل، پارێزەر، لەبارەی گۆشەگیریی توندی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ کاربەدەستانی سی پی تی دیداریان ئەنجامدا و داوایان کرد، سی پی تی گوشار بخاتە سەر تورکیا و خاوەنداری لە ئەرکی خۆی بکات.

عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئۆزگور فایەق ئەرۆل، پارێزەر، لە ستراسبورگی فەڕەنسا، لە بارەی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) دیداریان ئەنجامدا و لەو بارەیەوە زانیارییان خستووەتەڕوو.

عومەر ئۆجالان دەربارەی دیدارەکەیان ڕایگەیاند، کە ئەوان سەبارەت بە گۆشەگیریی و پێشێلکارییە نایاساییەکان کە بەسەر ڕێبەر ئۆجالان پەیڕەو دەکرێن، زانیارییان گەیاندووەتە بەرپرسانی سی پی تی، کە بەرپرسانی سی پی تی لەوبارەوە پێیان وتوون، بە بێ مۆڵەت و ڕێگەپێدانی وڵاتانی ئەندام ناتوانن ڕاپۆرتی سەردانەکانیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن.

عومەر ئۆجالان وتیشی: بە بیری کاربەدەستانی سی پی تییان هێناوەتەوە دۆخی ڕێبەر ئۆجالان بۆ گەلی کورد و پرسی کورد زۆر گرنگە، هەروەها داوایان لە سی پی تی کردووە لەو بابەتەدا هەستیار بن و گوشار بخەنە سەر تورکیا.

ئۆزگور فایەق ئەرۆلیش کە لە دیدارەکەدا لەگەڵ سەرۆکی گشتیی سی پی تی و کاربەدەستانی دیکەی ئەو کۆمیتەیەدا بەشداربووە ئاماژەی بەوەکرد، کە کاتێک هەلومەرجی ئیمرالی لەبەرچاوبگیرێت پێویستە سی پی تی کە ماوەی ٢٥ ساڵە چاودێری دۆخی ئەو زیندانە دەکات، خاوەنداری لە ئەرکی خۆی بکات.

ئۆزگور فایەق ئەرۆل ڕاشیگەیاند، هەڵوێستی هەنووکەیی سی پی تی لە سیاسەتی گۆشەگیرییدا ڕێگە بۆ تورکیا خۆشدەکات و لەو ڕووەوە ڕەخنەیان لە سی پی تی گرتووە و وتیشی: پێویستە هەڵوێستێک بگیرێتەبەر کە نیگەرانییەکانی بەڕێز ئۆجالان و گەلی کورد لە بارەی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان بڕەوێندرێنەوە، بۆ ئەوەش چیمان لە دەست بێت دەیکەین.

ب. ق

Comments are closed.