شەممە, 6 يون 2020 – 15:24 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماری میسر، سیسی پێشوازیکرد لە هەریەک لە خەلیفە حفتەر، بەرپرسی هێزەکانی سوپای نیشتیمانی لیبیا و عەقیلە ساڵح، سەرۆکی پەرلەمانی لیبیا کە ئێستا لە دوو بەرەی دژ بەیەکدا لە شەڕدان.
دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە، عەبدولفەتاح سیسی ڕایگەیاند، هەریەک لە حەفتەر و ساڵح ڕەزامەندییان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان هێناوە و ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییان لەوبارەیەوە کردووە کە بە بەڵگەنامەی قاهیرە دەناسرێت.
وتیشی، هەریەک لەو دوو لایەنە تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ڕاگەیاندنی ئاگر بەست خستووەتەڕوو، کە بڕیارە کە لە هەشتی ئەم مانگەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پاشان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف ڕێککەوتنی کۆتایی بە شێوەی نیوە بە نیوە ئەنجام بدەن.
لە وتەیەکیشدا خەلیفە حەفتەر ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی ویفاق و دووپاتیکردەوە، کە پێویستە تورکیا لە خاکی لیبیا بکشێتەوەو چەتەکانی بباتە دەرەوە، هەروەها جەختیشی لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش کردەوە لەگەڵ بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەی هاوبەش.
بە گشتی هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:
یەکەم- پاراستنی ئاشتی خاکی لیبیا و ڕێزگرتن لە هەوڵ و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و پابەندبوونی لایەنەکان بە ئاگر بەست لە ٨ی ئەم مانگەوە.
دووەم- هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان بە ڕێگای سیاسی و دیپلۆماسی و جەختکردنەوە لە دەستپێشخەرییەکەی پێشووی بەرلین کە تیایدا هەنگاوە سیاسی و ئابوری و سەربازییەکانی تێدا خستووەتەڕوو، لەگەڵ ڕیزگرتن لە مافی مرۆڤ.
سێیەم- کۆبوونەوەی هەردوو لایەنەکە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نوێنەرایەتی دوو لیژنەی سەربازی هەردوولا، هەروەها تەواوی لایەنە بیانیەکان پابەند بن بە کردنە دەرەوەو کشاندنەنەوەی هەڵگەڕاوەو چەتەکەنیان لەسەر خاکی لیبیا، لەگەڵ ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بە لایەنە شەڕکەرە ناوخۆییەکانی لیبیا.
چوارەم- کارکردن بۆ دامەزراندنەوەی دامودەزگا نیشتیمانییەکانی لیبیا بە شێوازێکی نیشتیمانی و زیندوکردنەوەی گفتوگۆ سیاسییەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێنجەم- دەوڵەت تەواوی دامەزراوە ئەمنییەکان وەربگرێتەوە، سوپای نیشتیمانیش بەرپرسیار دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس، پارێزگاری لە سەرەوەری لیبیا دەکات و ئامادەی هەڵمەتە سەربازیەکان دەبێت لە بواری دەریا و ئاسمان و زەوی.
شەشەم- تەواوی هەرێمەکان هەڵدەستن بە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بۆ پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بە بەشداری شێخ و هۆز و کەسایەتییەکان، گەنجان، کەسایەتییە سیاسییەکان، ڕۆشنبیرەکان سەندیکاکان و پێکهێنانی سێ لیژنە بە سەرپەرشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئەو مەبەستە، لەو سێ هەرێمەش نوێنەرێکیان لەو لیژنانە دەبێت و لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکەن.
حەوتەم- تەواوی هەرێمەکان نوێنەریان لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و جێگری سەرۆک وەزیران دیاری دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتی کە لە سەرۆک و دوو جێگر پێکدێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێک تا حکومەتێکی کاتی پێکدەهێنێت.
س.ح