یەكشەممە, 14 يون 2020 – 13:49 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دوێنێ شەهرام موستەفا پور، خەڵکی گوندی موانا سەربە پارێزگای ئورمییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرابووە ئامانج، گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان، ئەم گەنجە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە (١١ی ئەم مانگە) لە شەقامی شارۆچکەی سیلوانای ئورمیە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە سەختی برینداربووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، شەهرام موستەفاپور، دوای برینداربوونی براوەتە زیندانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران بەڵام بەهۆی ڕۆیشتنی خوێنێکی زۆر لە جەستەی، گواستراوە بۆ نەخۆشخانەیەک کە سەربە سوپای پاسدارانە و سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، دوێنێ گیانی لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا هۆکاری تهقهكردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بەڕووی ئەم گەنجە کوردە دا ڕوون نەکراوەتەوە.
ک.س