پێنجشەممە, 12 مار 2020 – 09:55 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
شەوی ڕابردوو بە ١٠ کاتیۆشا هێرش کرایەسەر بنکەی تاجی سەربازی ئەمریکا لە باکوری بەغدا و بەهۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کە دەوترێت ئەفسەرێکی پلە باڵایە لەناو هێزەکانی ناتۆدا کوژران، هەروەها ١٢ سەربازی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش ڕەنگە جارێکیتر ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا قوڵبکاتەوە.
لای خۆیەوە نوسینگەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بە تیرۆریستیانە لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاندووە، ئامانج لە هێرشەکە تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەیە، دواشیکردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەوبارەیەوە بکرێت و بکەران و ئەنجامدەرانی پست ئەو هێرشە ئاشکرا بکرێن و ڕابگیرێن.
هەروەها محەمەد حەلبوسی نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆک وەزیرانی کار بەڕێکەر کردووە، ڕێکارەکان توند بکاتەوە بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناو خاکی عێراق.
حەلبوسی داواشی لە سەرۆک وەزیران کردووە ڕێکارەکانی سزادان و ئاشکراکردنی بکەرانی پشت ئەو ڕووداوە دەست پێبکات، دووپاتیشێکردووەتەوە ئەو جۆرە هێرشانە ئامانج لێیان تێکدانی ئاشتییە لەسەر خاکی عێراق.
هاوکات نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوایکردووە، بەپەلە دەست بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و ئەنجامدەرانی پشت ئەو هێرشە ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا ئەگەر هەر کەس و لایەنێک بن، هەروەها هێرشەکەی بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی عێراق وەسف کردووە.
دڵنیایی ئەوەش دەدات کە بەزوترین کات سزای ئەو کەسانە دەدەن کە ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە، پێشیوایە ئەو کارانە ئاستەنگ لە بەردەم بەرەوپێشچوونی عێراق درووست دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو شانەی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، کە ١٠ کاتیۆشا ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تاجی باکوری بەغدا کراون، دواتر بنکەی هەڵدانی کاتیۆشاکەیان دۆزییەوە لە دەوروبەری هێرشەکە کە لەسەر ئۆتۆمبێلێک بوو.
جیاواز لە شانەی ئەمنی عێراق، وتەبێژی هێزی هاوپەیمانان ڕایگەیاندووە، بنکە سەربازییەکە بە ١٥ موشەکی کاتیۆشە کراوەتە ئامانج، دوابەدوای هێرشەکەش میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، هێزەکانی عێراق بە هاوبەشی هێزی هاوپەیمانان لەسەر سنووری سوریا ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامداوە.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پێنتاگۆن” ڕایگەیاندووە، هەموو بژاردەیەک لەبەردەمیاندا کراوە دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەو هەڕەشانەی ئێران لەناو عێراقدا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە کە لەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەدا بنکەی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی لە سنووری سوریا و عێراق کراوەتە ئامانج و بە تەواوەتی خاپوور کراوە و ١٨ چەکداری تێدا کوژراوە.
ئەم هێرشە لە دوای سەردانەکەی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دێت بۆ عێراق کە دەوترێت ناوبراو جێگەی قاسم سولەیمانیی گرتووەتەوە بۆ دیپلۆماسی ناوچەکە.
س.ح