ئەمریکا و ئێران ٢ دیلیان گۆڕییەوە

یەكشەممە, 8 ديس 2019 – 13:12  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دوای ماوەیەکی درێژ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و ئەو گرژییانەی کەوتووەتە نێوانیان، دوێنێ لە وڵاتی سویسرا هەردوولا دوو دیلیان گۆڕییەوە.

لەو دیل بە دیلەدا ژیو وانگ، هاوڵاتی ئەمریکی لەگەڵ مەسعود سولەیمانی هاوڵاتی ئێرانی گۆڕدرانەوە و ڕادەستی کاربەدەستانی وڵاتەکانیان کرانەوە.

لەسەر ئەو بابەتە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر تویتەر، نووسیویەتی: “ببینن، ئێمە دەتوانین مامەڵە بکەین”، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی سەختی خۆمان بۆ گەڕاندنەوەی هەموو هاوڵاتیانمان کە بە شێوەیەکی ناڕاست، لە دەرەوە بە دیل گیراون.

بەپێی ڕاگەیەندنەکانی ئەمریکا، ژیۆ وانگ، بە فڕۆکەیەکی سویسری لە تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیورخی سویسرا و لەوێ لەلایەن برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران پێشوازیی لێکراوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا.

هەروەها مەسعود سولەیمانی کە پیشەی پزیشکە، لە ئەمریکاوە گوازراوەتە زیورخی سویسرا و لەلایەن محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازیی لێکراوە و دواتر هەردووکیان گەڕاونەتەوە بۆ تاران.

جێگای ئاماژەیە کە ژیو وانگ، لێکۆڵێنەری ئەمریکی، سێ ساڵ لەمەوبەر لە تاران بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر و زیندانی کرابوو، هەروەها مەسعود سلێمانی پزیشکی ئێرانیش لە ئەمریکا بە تۆمەتی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا گەمارۆ لەسەرەکانی ئەمریکا بۆ ئێران، دوو ساڵ لەمەوبەر زیندانی کرا.

ک.س

Leave A Reply