ئەگەر موقتەدا سەدر بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق نەكات چی ڕوو دەدات؟

بەغدا

پرسی گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق هێشتا جێگای مشتومڕە، چونکە هەندێك پێیان وایە گەڕانەوەی سەدر هێشتا دوورە و هەندێكی دیکە پێیان وایە گەڕانەوەی ڕەوتەكە نزیكە، ئەوەش لەکاتێکدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی هێنانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەدات، چونكە سەدر بەشداریی هەڵبژاردن نەكات، ڕێژەی بەشداریی كردن لە ٢٠٪ كەمتر دەبێت.

شرۆڤەكارانی سیاسیی و ڕۆژنامەنووسانی عێراق، لە بارەی گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بە شداریی كردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەوڵەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە مەبەستى بەشداریی كردنی سەدر لە هەڵبژاردنەکان، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

غالب شابەندەر
غالب شابەندەر

لەوبارەوە غالب شابەندەر، شرۆڤەكاری سیاسیی ڕایگەیاندووە، پرسی گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەشداریی كردنی لە هەڵبژاردن بابەتێكی دوورمەودایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات سەدر بگەڕێنێتەوە بۆ بەشداریی كردن لە هەڵبژاردنەكاندا، چونكە ئەگەر بەشداریی نەكات، ئەوا ڕێژەی بەشداریی كردنى هاوڵاتییان لە ٢٠٪ كەمتر دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر سەدر بەشداریی بكات، ڕێژەی بەشداریی كردن زیاد دەكات.

باسی لەوەشكرد، ئەگەر پرۆسەى هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەى بایكۆتی ڕەوتی سەدر بەڕێوەبچێت، ئەوا ئەوکات ڕێژەی بەشداریی كردنی دەنگدەران دادەبەزێت، ئەمەش بە واتای كۆتایی هاتنی چوارچێوەی هەماهەنگییە.

دوای دەستپێكردنی چالاكییەكانی پەرلەمانتارە دەست لەكاركێشاوەكانی ڕەوتی سەدر و جموجوڵەكانی سەدر، پێشبینی ئەوەى لێ دەكرێت، جارێكی دیكە سەدر بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بە شداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.

لەم دواییانەدا نوری مالیكی ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ سەدر سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دووپاتی كردەوە، كە دڵنیایە سەدر بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانى داهاتووى عێراق دەكات.

شروق محەمەد
شروق محەمەد

هەروەها، شروق محەمەد، ڕۆژنامەنووس بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، جوڵەكانی ئەم دواییەی سەدر و گەڕاندنەوەی چالاكییە جەماوەرییەكەی و بەپێی خوێندنەوەكان، ئاماژەن بۆ بەشداریی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا.

وتیشى: هەندێك كەس باس لە درووست كردنی هاوپەیمانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدر دەكەن، بەڵام تویتەكانی سەدر ئاماژە بەوە ناكەن، هیچ بەیاننامەیەكیشیان لە بارەی گەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانى سیاسیى عێراق بەشێوەیەكی فەرمی نییە.

دەشڵێت: هێزە سیاسییەكان هەمیشە پشتڕاستی دەكەنەوە، گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر چاوەڕوانكراوە، بەڵام لە کاتى نەگەڕانەوەی ڕەوتەکە بۆ گۆڕەپانى سیاسیی عێراق ناهاوسەنگی پرۆسەی سیاسیی لە وڵاتەکەمان درووست دەبێت.

جێگای سەرنجە، سەدر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ فەرمانی كشانەوەی فراكسیۆنەكەی و دووركەوتنەوە خۆی لە پڕۆسەی سیاسیی دەركرد، پاشان ڕایگەیاند، بەشداریی لە هیچ هەڵبژاردنێكی داهاتوودا ناكات.

هـ.ئ

Comments are closed.