ئیسرائیل داوا لە ٣٢ وڵات دەکات سزاى ئێران بدەن

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە ٣٢ وڵات كردووە، سزا بەسەر بەرنامە مووشەكیەکانى ئێراندا بسەپێنن و سوپای پاسداران وەك “ڕێكخراوی تیرۆریستی” بناسێنن، چونكە ئەم سزایانە یارمەتیدەر دەبێت، لە لاوازكردنی ئێران.

ئیسرائیل كاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بارەی پێشكەش كردنی داواكارییەكیان بۆ سزادانی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی  “X” ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوەو.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، داوایان لە ٣٢ وڵات كردووە، سزا بەسەر بەرنامە مووشەكیەکانى ئێراندا بسەپێنن و سوپای پاسداران وەك “ڕێكخراوی تیرۆریستی” بناسێنن.

كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل لە بژاردە سەربازییەكان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەم دواییەی ئێران دەكۆڵێتەوە، بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی دامەزراوەكانی ئێران بەبێ زیانی گیانی.

دەشڵێن، ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانى بەردەوامە بە مەبەستى زیادكردنی سزاكانی سەر ئێران لەسەرتاسەری جیهان.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی ١٣ی ئەم مانگە ئێران لە ڕێگەی چەندین فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكەوە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام هەموو هێرشەكان شكستی پێهێنرا و زیانی گیانی هیچ نەبوو.

هـ.ئ

Comments are closed.