پەرلەمانی ئەرمەنستان لەبارەی جینۆسایدی ئێزدییەکانەوە بڕیارێکی دەرکرد

ناوەندی هەواڵەکان

لە پەرلەمانی ئەرمەنستان پڕۆژەپێشنیارێکی ڕۆستەم بۆکایان پەرلەمانتاری ئێزدیی پەسەند کرا، لەبارەی دیاری کردنی ڕۆژی ٣ـی ئاب وەک ساڵڕۆژی بیرهێنانەوەی قوربانییان ئێزدیی.

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەرمەنستان بە زۆرینەی دەنگ، ڕۆژی ٣ـی ئاب بە ‘ساڵڕۆژی بیرهێنانەوەی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدیی’ دیاری کرا.

پڕۆژەپێشنیارەکە لەلایەن ڕۆستەم بۆکایان پەرلەمانتاری ئێزدییەوە پێشکەش کرا و ئاماژەی بەوەدا “چارەنووسی ئێزدییەکان و ئەرمەنییەکان زۆر لە یەکەوە نزیکە، کۆمەڵکوژیی کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، لە چەند قۆناغێکی مێژووییدا ڕووبەڕووی ئێمە بووەتەوە.”

پارویر هۆڤهانیسیان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لەبارەی ئەم بڕیارەوە ڕایگەیاند، “ڕێگرتن لە کۆمەڵکوژیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی، یەکێکە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەرمەنستان.”

جێگەی ئاماژەیە، گرووپە چەتەکانی داعش لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکانی شنگال و نزیکەی پێنج هەزار ئێزدییان کۆمەڵکوژ کرد و ڕفاندیانن و بێسەروشوێنیان کردن، سەدان هەزار ئێزدیش ناچار کران زێدی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارە بن.

ب.گ

Comments are closed.