بۆچی سوودانی لەگەڵ بایدن باسی پرسى كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای نەكرد؟

 وسام زەهرونی

لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن، چەندین بابەتی جیاواز گفتوگۆی لەسەر كرا، بەڵام پرسى كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق باس نەكرا، جگە لەوەش سوودانی هیچ شاندیەكی باڵای سەربازی لەگەڵ خۆی نەبردووە، تەنیا ڕەزامەندی عێراقی دەربڕی بۆ دەرئەنجامەكانی کارى ئەو لیژنانەی، كە بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراون.

لەبارەى نەخشتنە سەر مێزى گفتوگۆى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق لەلایەن سوودانییەوە چاودێران بەمجۆرە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دەدوێن.

محەمەد عەلی حەكیم
محەمەد عەلی حەكیم

محەمەد عەلی حەكیم، شرۆڤەكاری سیاسی، بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، ئەندامانى شاندەکەى سوودانی بۆ واشنتۆن ١٣٤ كەسی تێپەڕاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، نەبوونی وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی، سەرۆكی ئەركانی سوپا، ئەوەش نیشانى دەدات سوودانی هیچ نیازێكی نییە، دانووستان لەسەر هەندێك بابەتی ئەمنی بكات، دیارترینیان پرسی دوورخستنەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش كرد، پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی سوودانی باسی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەوانەی ئەمریكای لە عێراق نەكردووە؟ بە پێچەوانەی ئەوەی، كە لە هەندێك چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی پێكردووە.

دەشڵێت، ئەم سەردانە مەرجدار بوو، وەك پێشتر جەختمان لەسەر كردووەتەوە، چونکە چوارچێوەی گفتوگۆكان سنووردارن و بە هیچ شێوەیەك درووست نییە، پرسی کشانەوەى هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق باس بكرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مانەوەی هێزەکانى ئەمریكا لە عێراق.

باسی لەوەش كرد، سوودانی زیاتر لە جارێك باسی خواست و جددییەتی خۆی كردووە، بۆ درێژەدان بە پەیوەندییە سەربازییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەرچەند لە ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوڕان لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

هاوکات، لە ئێستادا هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چاودێرى پرسی كۆتاییهێنان بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاكی عێراق دەكەن، بەتایبەتی دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر سەركردەكانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق.

موخلد حازم حەرب
موخلد حازم حەرب

هەروەها، موخلد حازم حەرب، شارەزای بواری ئەمنی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پرسی كشانەوە هێزەكانی ئەمریكا پرۆژەیەکى ستراتیژییە، بۆ ئەو مەبەستەش کات دانراوە و لیژنەی سەرەكی و لاوەكی هاوبەشیش بۆ ئەم پرسە پێكهێنرا.

وتیشى، لە میانەى سەردانەكەی سوودانی هیچ شاندێكی ئەمنی لەگەڵ خۆیدا نەبرد بۆ واشنتۆن، تا لەوێ تاوتوێى پرسى كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بکرێت، تەنیا چەند پرسێكی وەك وەبەرهێنان، وزە و ئابووری تاوتوێ کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سوودانی لە میانەى پێشکەش کردنى وتارەکەى لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەك قسەی لەسەر پرسی كشانەوە و كۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریكا لە عێراق نەكرد، ئەوەش بە بیانووى ئەوەى ئەو کارە لەلایەن لیژنە سەربازییەكانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

بەغدا و واشنتۆن چەندین خولی دانووستانی هاوبەشیان بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئەنجامداوە.

دوێنێ لە چوارچێوەی سەردانە چاوەڕوانكراوەکەى بۆ واشنتۆن محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ جۆ بایدن، كۆبووەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش وتی: كاردەكەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان لە سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ پەیوەندییەكی تەواو هاوبەش لەسەرجەم بوارەکاندا و لە ئێستاشدا پەیوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتەکەمان گەیشتووەتە قۆناغى وەرچەرخان.

سەبارەت بە بوونی هێزەکانى ئەمریكا لە عێراق، سوودانی ڕایگەیاند، عێراق پابەندە بە ئەنجامی کارى لیژنە هاوبەشەكان بە مەبەستى هەڵسەنگاندنی کشانەوەى هێزەكان، هاوكات سەرۆكی ئەمریكاش لای خۆیەوە جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوبەشەكانی لە ناوچەكەدا بە عێراقیشەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.