پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆى بڵاو كردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای زیان بەركەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییەوە ئامادەكراوە.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و تێیدا خوێندنەوە و دەنگدان بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك بكات، لەوانەش خوێندنەوەی یەكەم بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی موڵك و ماڵی ئەو هاوڵاتییانەی، كە لە سەردەمی ڕِژێمی بەعس زیانیان بەركەوتووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوە بۆ هەمواری یاسای زیان بەركەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بكرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای زیندانیە سیاسییەكان دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییەوە ئامادەكراوە. لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە كۆبوونەوەكە لە كاتژمێر ١ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.

هـ.ئ

Comments are closed.