لە باکووری کوردستان جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسان پیرۆز کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە شاری ڕحای باکووری کوردستان، بۆ یەکەمجار بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر ئێزدییەکان جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسانیان پیرۆز کرد و پیرۆزباییان لە هەموو ئێزدییەکان کرد.

ئەمڕۆ لە ناوچەی وێرانشاری ڕحا، لە باکووری کوردستان ئێزدییەکان لە گوندی بیرچێ بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی جەماوەریی جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسانیان پیرۆز کرد.

ئاهەنگەکە لە بینای ماڵی کەلتوور ئەنجام درا و بێجگە لە ئێزدییەکان باوەڕدارانی ئایینەکانی تریش بەشداربوون، هەروەها مناڵان لە ئاهەنگەکەدا بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداربوون.

پەرلەمانتاری دەم پارتی مێردین، ساڵیحە ئایدەنیز و هاوسەرۆکانی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیر، هاوسەرۆکانی شارەوانی وێرانشار بەدریە یۆرگون و سەرحەد دیجلەش بەشداری ئاهەنگەکە بوون.

یەشار بورچ ڕایگەیاند ئەمە یەکەمجارە جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسان بەشێوەی جەماوەریی بەڕێوەدەچێت، دڵخۆشی خۆی دەربڕی، پاشان پیری ئێزدییان شوکرو سومەر دەربارەی چوارشەمەی سوور و باوەڕی ئێزدییان قسەیکرد و زانیاری خستەڕوو.

هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر ڕایگەیاند ئێزدییەکان بەرامبەر ٧٤ فەرمان بەرخۆدانیان کرد و جەژنی خۆیان پیرۆز کرد.

هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک وتی: “گەلی ئێزدیی گەلێکی دێرینە، هەردەم خاوەنداری لە چاند و باوەڕی خۆیان کردووە”.

پاشان هونەرمەند ئازاد بەدران چەند بەرهەمێکی هونەری پێشکەش کرد و ئامادەبووان هەڵپەڕین، خواردنی جەژن خورا و تەوافی “خەرکە و بەرات” ئەنجام درا.

ب.گ

Comments are closed.