داوای ڕاگرتنى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ عێراق دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، هۆشدارییەکى بەپەلە دەداتە حکومەتى عێراق لە زیادبوونى بێ پلانى ئۆتۆمبێل لە عێراق و ئاشکرای کردوە کە ژمارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل، هاوکات داوای ڕاگرتنى هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەکات.

فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە بۆ عێراق بڵاوکردەوە.

فازڵ غەڕاوی لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: ساڵی ٢٠٢٤ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ڕێژەیەکی بەرزی تۆمارکردووە بەشێوەیەک گەیشتووەتە ١٠٩%  لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣  ئەو ڕێژەیە ١٠٨%  بووە، کە بە دیاریکراوی هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل دەکات.

 ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ، هەروەها بەپێی داتا و ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی عێراق لە ئێستادا دانیشتوانی سەرجەم وڵاتەکە نزیک دەبێتەوە لە٥٠ ملیۆن کەس، و ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئۆتۆمبێلیش لە عێراق بگاتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئۆتۆمبێل.

غەراوی هۆشداری لەوەش داوە کە زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی فشار لەسەر ژێرخانی ڕێگاوبان و پردەکان، ئەمە جگە لە تێچووی زۆری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، هەروەها ئەو کاریگەرییەی لەسەر ژینگە دروستی دەکات لە شێوەی دەردانی کاربۆن لە ئۆتۆمبێلەوە.

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی مافی مرۆڤ لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو، زۆری هاوردەکردن دەبێتە هۆی زیادبوونی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییان، ئەمە جگە دروستبوونی قەرەباڵغی هاتوچۆ.

فازڵ غەراوی داوای لە حکومەت کرد ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی پێنج ساڵ و چارەسەرکردنی قەرەباڵغی هاتوچۆ و دروستکردنی ڕێگای بازنەیی و ڕێگا نێودەوڵەتییەکان کە بتوانن ئەم بڕە زۆرەی ئۆتۆمبێل لەخۆ بگرن و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان پابەند بکەن بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە.

ر.ش

Comments are closed.