ژمارەی كوژراوەكانی غەزە لە ٣٤ هەزار كەس نزیك دەبێتەوە 

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی ناوچەكەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٣ هەزار و ٩٧٠ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٧٦ هەزار ٧٧٠ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە: بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٣ هەزار و ٩٧٠ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٧٧٠ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٧١ كەس لە غەزە كوژراون و ١٠٦ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٩٥ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.