پەدەکە هەڵبژاردن دەکاتە قوربانی شکستەکانی خۆی و هێرشەکانی تورکیا

ناوەندی هەواڵەکان

وەک چاوەڕوان دەکرا، لە پاش شکستە گەورە سیاسیی و ئیداریی و ئابورییەکانی پەدەکە، لە پڕۆسەی سیاسیی و بەڕێوەبردنی حکومەتدا، لە هەڵبژاردنی هەرێم کشایەوە، ئەمەش لە لایەک بۆ پینەکردنی شکستەکانی و لە لایەکی تر بۆ زەمینەسازیی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و جێبەجێکردنی پیلانەکانیان.

١٨ـی ئەم مانگە، مەکتەبی سیاسیی پەدەکە بە سەرۆکایەتى مەسعود بارزانى کۆبوونەوەى خۆی ئەنجام دا و تێیدا ڕایگەیاند، بەشداری هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان ناکات و ئەگەری کشانەوەشیان لە پڕۆسەى سیاسیی عێراق هەیە.

ئەم بڕیارەی پەدەکە، لە پاش زنجیرەیەک شکست و قەیرانی قوڵەوە دێت کە لە دەرەئەنجامی ئەدا و سیاسەتی هەڵە و شکستخواردووانەی سەرانی حزبەکەوە دووچاری بوون و هەرێمی کوردستانیشیان پێوە گیرۆدە کردووە و لە دواین وێستگەشدا، باجەکەی بە خەڵک دەدەن، بە بێبەشکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و درێژەدان بە تاکڕەویی و حوکمی دیکتاتۆرانەی خۆیان.

ڕەهەندێکی دیکەی ئەم بڕیارە، پەیوەندی بە پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە هەیە، کە بە نیازن لەمساڵدا هێرشێکی بەرفراوانی داگیرکاریی بۆ سەر باشووری کوردستان و تەڤگەریی ئازادییخوازیی کورد ئەنجام بدەن و پەدەکەش ڕۆڵی سەرەکی پێدراوە و بەشێوەیەکی چالاک بەشێک دەبێت لەو هێرشە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز پێش ئەم بڕیارە، ڕێبەر ئەحمەدی ئەندامی پێشووی پاراستنی پەدەکە و وەزیری ناوخۆی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانی، لە بەغدا بە نهێنی چاوی بە هەریەک لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکى دەزگای میتى تورک کەوتووە، تێیدا گفتوگۆی چڕیان لەسەر بایکۆت کردنی هەڵبژاردن و زەمینەسازیی بۆ داگیرکردنى باشووری کوردستان کردووە.

پەدەکە؛ هەیمەنەیەک لە شکست و تاوان و دۆڕان!

لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، عێراق سكاڵاكەی دادگای پاریسی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە توركیا  و پەدەکە بردەوە و ڕووبەڕووی سزایەکی یەک ملیار و نیو دۆلاری بوونەوە، بەمەش پەدەکە دۆسییەی نەوتی دۆڕاند و بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی پەنجا ساڵەی نهێنیش کە لەگەڵ تورکیا واژۆی کردبوو، حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە بژاردنی ئەو سزایە.

لە پاش پێنج ڕۆژ، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری دا، کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە و هەر یاسایەک دەرکرابێت بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت، بەم پێیەش حکومەتی هەرێم دەسەڵاتەکانی سنووردار کرا و بوو بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و توانای دەرکردنی یاسا و بڕیاری لێ سەندرایەوە، تا ئێستاش حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانی ناڕەوا و نایاسایی درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات.

بەهۆی دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و یاریکردن بە قوتی خەڵکەوە، ڕۆژی ١٣ـی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣، زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لێدرا، بەڵام هاوکات مامۆستایانی هەمیشەیی و گرێبەست و وانەبێژ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر زەنگی بایکۆت و ناڕەزایەتییان لێدا، زیاتر لە چوار مانگ نەگەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لە پاش چڕبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و ناڕەزایەتی خەڵک و فشاری بەغداد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پەدەکە ویستی بە هەمان (تاس و حەمامی) جاران هەڵبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاریی و بە خواست و دڵی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام ئەمجارە بۆی نەچووە سەر و عێراق بڕیاریدا بە چاودێریی کردن و سەرپەرشتی کردنی تەواوەتی پڕۆسەکە و ئەرکی ئەنجامدانیشی بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سپارد.

هەروەها لە ٢١ـی شووبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، بە هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی کۆتای بەناو “پێکهاتەکان” کە پەدەکە دەستی بەسەردا گرتبوو، لەگەڵ گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، بەمەش پەدەکە گڵۆڵەی کەوتە لێژییەوە.

ئەگەرچی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، سەرەتای مانگی حوزەیرانى ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دیاری کردبوو، بەڵام پەدەکە بەم هەموو شکست و دۆڕانەوە، بوێری بەشداری کردنی نەکرد و کشایەوە.

ب.گ

Comments are closed.