بەشێک لە پەیامەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە نەورۆزەکانی ڕابردوودا

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێبەر ئۆجالان، لە نەورۆزی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پەیامی گەیاندووە بە گەل و دەڵێت: سڵاو لەو کەسانەی، کە ڕێگای ئازادیی و یەکسانییان بۆ خۆیان کردووە بە ڕێبەر، بنیاتنانی سیستەمێکی مۆدێرنیتەی دیموکراسیی جێگرەوە لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییدا، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ئازادیی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، لەسەر ئەم بنەمایە من جەژنی نەورۆز لە هەموو کەس و گەلێک پیرۆزدەکەم.

ئاژانسی ڕۆژنیوز لەم دۆسێیەدا، بەشێک لە پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاودەکاتەوە، کە لە نەورۆزەکانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە.

پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزەکانی پێشوودا بەم شێوەیەن:

سڵاو لەو کەسانەی، کە ڕێگای گەورەی ئازادیی و یەکسانییان بۆخۆیان کردووە بە ڕێبەر، سڵاو لە گەلی کورد، کە یەکێکە لە گەلە کۆنەکانی ئەم خاکە، کە نەورۆزیان مانادار کردووە و لە داوێنی چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس، لە نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فرات، لە سەر خاکی پیرۆزی مێزۆپۆتامیا و ئاناتۆلی پیرۆز، کە دایکی کشتوکاڵ و بنیاتنەری گوند و شار و شارستانییەتە.

گەلی کورد و گەلانی دیکە، کە هەزاران ساڵە ئەو شارستانییەتە گەورەیە بە نەژاد، ئاین و مەزهەبەکانی دیکە پێکەوە ژیاون، هەوڵ دراوە لە ڕێگەی فشاری سیاسیی، دەستێوەردانی دەرەکى و باڵادەستکردنی بەرژەوەندیی گرووپ گەلێک، بەردەوام هەوڵ دراوە ئەو شارستانییەتە مەزنە و گەلانی برا پێکەوە بکەنە دوژمن و هەوڵیان داوە قەوارە گەلێک بنیات بنێن بێ ئەوەی، کە ماف و یەکسانیی و ئازادیی بە بنەما بگرێ.

لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا بە داگیرکاریی و دەستێوەردانی دەرەکی و فشار و بە پێشخستنی سیاسەتی نکۆڵیکردن و دەسەڵاتی چەوسێنەر، هەوڵیان داوە کە گەلانی عەرەب، تورک، کورد و فارس، بە سنووری دەستکرد و بە نەتەوەی بچووک بچووک دابەش بکەن.

سیاسەتی فشار، سەرکوتکردن و نکۆڵییکردن کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی سەدەی ڕابردوو بە بنەما دەگرت؛ گوزارشت لە هەوڵەکانی کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراوی نوخبە دەکات، کە تەواوی مێژوو و یاسای خوشک-برایەتی ئینکار دەکەن.

گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیایی ناوەڕاست ئیدی خەریکە هۆشیار دەبنەوە و بۆ ناخی ڕاستەقینەی خۆیان دەگەڕێنەوە، بۆ درووستکردنی سیستەمێکی مۆدێرنیتەی جێگرەوە و دیموکراسیی لەسەر بنەمای سرووشتی مێژووی ڕاستەقینە خۆی دەگرێت لە لێگەڕیندایە، ئیتر دەیەوێت جارێکی دیکە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی زیندوو ببێت، دەست بدەنە دەستی یەک و هەستنە سەرپێ.

چەمکی “ئێمە” کە بەردەوام لە مێژووی گەلانی نیشتەجێی ئەو جوگرافیایە، شوێنێکی گرنگی هەبووە، بە دەستی دەسەڵاتدار کراوەتە “تاک” بەڵام ئێستا، دیسان کاتی ئەوە هاتووە کە ڕۆحی پێشوو بە کردەوە و گیانی “ئێمە” بهێنرێتەوە.

ئێمە دەیان ساڵە خۆمان تەنها بۆ سەلماندنی بوونی گەلی کورد، کە بە نەبوو هەژمار دەکرا تەرخان کردووە، قوربانی و باجێکی زۆرمان داوە، هەموو قوربانیدان و تێکۆشانەکان، کە بۆ ئەمە دراون بە فیڕۆ نەچوون، گەلی کورد جارێکی دیکە شووناسی جەوهەری خۆی و ناسنامەی خۆی بەدەست هێنا.

شەڕی ئێمە هەرگیز دژی ڕەگەز، ئاین، مەزهەب و گرووپێک نەبووە و نابێت، شەڕی ئێمە ژێردەستی، نەزانی، نادادپەروەری، دواکەوتوویی و هەر چەشنە زەخت و گوشار و چەوساندنەوەیەک بووە، سەرەڕای هەموو هەڵە، کەموکوڕی و هەڵەکانی سەدەی ڕابردوو، هەموو گەلان، چین و کولتوورەکانی ئێمە ڕووبەڕووی کارەساتی گەورە بوونەتەوە، هەوڵدەدەین سیستەمێکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بنیات بنێین، بانگەوازی ئێمە بۆ نوێنەری سەرجەم گەلانی بندەست و چەوساوەیە، توێژە کولتوورییەکان، ژنان، کە چەوساوەترین و زوڵملێکراوترین توێژی کۆمەڵگەن، مەزهەب و تەریقەتە بەشخوراوەکان و هەموو پێکهاتە کولتووییەکان، چینی کرێکار و پەراوێزخراوەکان هەموو ئەو کەسانەی، کە سیستەمیان بەسەردا چەسپاوە، لە دەوری سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کۆببنەوە و عەقڵیەتێکی نوێ و فۆرمی نوێ بەدەست بهێنن.

بنیاتنانی سیستەمی مۆدێرنیتی دیموکراسی جێگرەوەی لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، ئازادیی بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەهێنێت، لەسەر ئەم بنەمایە جەژنی نەورۆز لە هەموو کەس و گەلان پیرۆز دەکەم.

کات، کاتی ئازادییە.

سڵاو لەو کەسانەی کە هێز بەم هەڵمەتە دەدەن،

بژی نەورۆز!

ب. ق

Comments are closed.