بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لە عێراق پەیوەندیی بە بودجەی ئەمساڵەوە هەیە؟

بەغدا

پرسی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین مشتومڕی لە شەقامی عێراقی درووست كردووە، حكومەتیش بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بە پاڵپشتیكردنی دارایی و بودجەی وڵاتەکەى دەزانێت، چاودێرانیش پێیان وایە، ئەمە دابەشكردنی كۆمەڵگەیە بەسەر چینی هەژار و دەوڵەمەنددا.

باسم عەوادی
باسم عەوادی

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین دەركراوە، لە چوارچێوەی نەهێشتنی قەرەباڵغی هاتوچۆی بەغدا دێت، بەپێی خشتەكانی بودجە ئەمساڵیش پێویستیان بە كەمێك پشتگیری هەیە، واتە هاوڵاتیی نیوەی تێچوونەكە دەدات.

دەشڵێت: تێچووی یەك لیتر بەنزین هەزار و ٧٠٠ دینارە لە سەر حكومەت، دواتر حكومەت بە ٦٥٠ دینار دەیفرۆشت، بەهۆیەوە حكومەت ساڵانە ملیارەها دۆلار لەو بوارەدا خەرج دەكات.

ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیارە ساڵی داهاتوو لەگەڵ كردنەوەی پاڵاوگەی گراند بەسرە پێویستی ناوخۆى وڵاتەکەمان بە بەنزینی ئۆكتانی بەرز پڕ بكرێتەوە، ئەوکاتیش بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە دەدرێت.

هاوکات، ئەم بڕیارەى حکومەت ناڕەزاییەتییەكی جەماوەری بەرفراوانی لێكەوتەوە، سۆشیال میدیاش پڕ بوو لە پۆستی توڕەیی و ناڕازیی و داواكاری هاوڵاتییان بە مەبەستى هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، چونكە بارگرانی لەسەر گوزەرانى هاوڵاتییان درووست دەكات.

عەبدوڵا كەنانی
عەبدوڵا كەنانی

لەوبارەوە، عەبدوڵا كەنانی شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پێویستە ئەم بڕیارە لەلایەن پەرلەمانەوە وەك دەسەڵاتی یاسادانان دەربكرێت، بەڵام لەلایەن حكومەتی جێبەجێكارەوە دەرچووە، ئەوەش جۆرێك بە پەلەیی لەم بڕیارەدا دەبینین.

باسی لەوەشكرد، زۆربەی بەرپرسان پارەی بەنزین لە گیرفانی خۆیان نادەن، بەڵكو لە دەوڵەتەوە بۆیان خەرج دەكرێت، بۆیە تەنها هاوڵاتیی هەژار هەموو زیانەكان و بارگرانییەكەی دەكەوێتە ئەستۆى و ئەمەش وڵاتەکەمان بەسەر دوو چیندا دابەش دەکات، كە چینی دەوڵەمەند و هەژارە.

ساڵێك لەمەوبەر هەڵمەتێكی گەورە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدای پایتەختى عێراق دەستی پێكرد، لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەكەوە، كە گرنگترینیان درووست كردنی پرد و تونێل بوو و لە ئێستاشدا هەندێك لەوانە تەواو كراوە، هەندێكی تریشیان هێشتا لە قۆناغی درووست كردندان.

جێگەى ئاماژەیە، حكومەتی عێراق لە دوایین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا، كە نرخی بەنزینی موحەسەن لە ٦٥٠ دینارەوە بۆ ٨٥٠ دینار بەرز بكرێتەوە، هەروەها بەنزینی سۆپەر لە هەزار دینارەوە بۆ هەزار و ٢٥٠ دینار بەرزبكرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.