لە ٢٥ـی نیساندا یەکەمین فێستیڤاڵی دۆسڵدۆرفی فیلمی کوردی دەستپێدەکات

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیار وایە، یەکەمین فێستیڤاڵی دۆسەڵدۆرف بۆ فیلمی کوردی لە ٢٥ـی نیساندا دەستپێبکات و تا ٢٨ـی نیسان بەردەوام دەبێت، کە تێیدا چەندین فیلمی کوردیش نمایش دەکرێت.

یەکەمین فێستیڤاڵی دۆسڵدۆرفی فیلمی کوردی (DKFF) لە ٢٥ نیساندا لە لایەن “ئارت ڕیکۆرد”ـەوە ئەنجام دەدرێت و تا ٢٨ـی نیسان بەردەوام دەبێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٣٠ فیلم و کورتە فیلم نمایش دەکرێت، هەروەها فیلمە دیکیۆمێنتارییەکان لە دوو سینەمای جیاوازی (UFA Palast,Metropol) نمایش دەکرێت.

لە ڕاگەیاندراوی تیمی سینەمای ئارت ڕیکۆرددا هاتووە: ئەمە یەکەم فێستیڤاڵامانە، لە ڤێستیڤاڵەکەدا گرنگی دەدەین بە شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی لە کوردستان و تاراوگەدا، لە فیلمەکاندا سەرەنج دەخەینە سەر بوێری ئێزدییەکان و ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەریاندا هێنراوە.

مەبەسی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە لە چوارچێوەی مێژوویی، سیاسیی، ئاینیی، کۆمەڵگەیی و کولتوورییەوە لە کۆمەڵگەی ئێزدی بڕواندرێت، هەر لە ڤێستیڤاڵەکەدا بڕیارە پێشانگایەکی وێنەیی لەسەر کۆمەڵکوژیی شنگال پیشانبدرێت.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە هونەری سینەمایی کوردی پیشانی سینەماخوازانی ئەوروپی و بیانی بدرێت.

لە مەراسیمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا فیلمی “ڕۆژباش”ـی دەرهێنەر ئۆزکان کوچوک نمایش دەکرێت.

هەروەها لە درێژەی فێستیڤاڵەکدا چەندین فیلمی وەک: نامەیەک بۆ شنگال، هێزا، کچانی ڕۆژ، فریشتەی شنگال و THE RETURN: LIFE ASTER ISIS، چەندین فیلمی دیکیۆمێنتاری نمایش دەکرێن

ب. جـ

Comments are closed.