هێمن موکریانی.. شاعیری ئەوین و گەل و ئازادیی

ناوەندی هەواڵەکان

ئه‌مڕۆ ٣٨ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هێمن موكریانی شاعیری نه‌ته‌وه‌یی و ئەوین و ئازادیی تێده‌په‌ڕێت، ئەو شاعیرەی قەڵەمەکەى کرد بەهێزترین چەک بۆ بەرگری کردن لە مافی گەلەکەی و وەستانەوە بەرامبەر داگیرکەران، هاوکات بە شێعرەکانى گەنجانى عاشق بە خاک و نەتەوە دەکرد.

٣٨ ساڵ پێش ئێستا کوردستانى گەورە کەوتە پرسە و غەمگینییەوە، گەلێک بۆی تاسەبار بوو، جوڵانەوەى کوردی پشتیوان و قەڵەمێکی بە بڕشتى لەدەست چوو، گەنجانی کورد کە شێعرەکانی ئەویان کردبووە ئیلهامی خۆشەویستى وەک چرایەک خامۆش بوو، ئەویش شاعیری ناوداری کورد هێمن موکریانییە.

هێمن موكریانی ناوی محه‌مه‌دئه‌مین شێخولئیسلامی موكرییه‌، ساڵی ١٩٢٤ له‌ گوندی لاچینی سەر بە شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئەو له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌ره‌به‌گ له‌ دایك بوو ژیاوە، ئەگەرچی بنەماڵەکەى ژمارەیەکی کەم خوێندەواریان هەبوو، بەڵام باوکی زۆر کەیفی بە خوێندەواریی و بەتایبەت مەلایەتى هاتووە، بۆیە هەر زوو هێمن دەخاتە حوجرەوە.

هێمن لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا دەچێتە لای حسێن حوزنی موكریانی مامی و لەلای ئەو فێری ئه‌لفوبێی كوردی دەبێت، دوای ماوەیەک کە فێری نووسین و خوێندنەوە دەبێت، باوکی بۆ خوێندن ده‌ینێرێته شاری مهاباد و له‌ قوتابخانه‌ی سه‌عاده‌ت دەست بە خوێندن دەکات.

هێمن هەوڵی زۆر دەدات بەردەوام بێت لەسەر خوێندنی قوتابخانە، بەڵام باوکی بە زۆر لە خوێندن دەریدەهێنێت و دەبنێرێت بۆ حوجرەى مزگەوت تا فێری قورئان و زانستى تەجوید و مەلایەتى ببێت، بۆیە ماوه‌ی چوار ساڵ له‌ خانه‌قای شێخی بورهان ده‌مێنێته‌وه‌.

لە حوجرە هێمن مووکریانی لەگەڵ هه‌ژار موكریانی یه‌كتر ده‌ناسن و دەبنە هاوڕێ، ساڵانێکی زۆر وەک هاوڕێ دەمێننەوە و هەمیش لە بواری شێعر و ئەدەبدا بەردەوام گفتوگۆ دەکەن و پەیوەندیان دەبێت.

هێمن مووکریانی لە تەمەنی سەرەتای لاوییەتیدا حەزی لە شێعری فارسی و کلاسیکی کوردی دەبێت، هەر لەو سەروبەندی منداڵییە لە گوندەکەشیان لەگەڵ پیاوێک بە ناوی سه‌ید عه‌وڵای سه‌ید مینه‌ ئاشنایەتى پەیدا دەکات و دەچێتە لای، ئەویش کەسێک بووە کە شێعری زانیوە و ئەدەب دۆست بووە و بەردەوام شێعر بۆ هێمن دەخوێنێتەوە، لەوەوە زیاتر خولیای شێعر لای هێمن موکریانى درووست دەبێت.

لە تەمەنى ١٦ بۆ ١٧ ساڵیدا هێمن موکریانى جارێکی دیکە لە شاری مهابادەوە دەگەڕێتەوە گوندەکەیان و لەگەڵ خانەوادەکەى سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ دەبێت، بەڵام ئەوە واناکات دەستبەرداری شێعر بێت و بەردەوام هەوڵی خوێندنەوەی شێعر و دیوانى شاعیرەکان دەدات.

ئەو ڕۆژگارەی کە موکریانى تێیدا سەرەتاکانى گەنجییەتى بەڕێدەکرد، ڕۆژگارێکی سەخت و دژوار بوون بۆ کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئەو کاتەدا خوێندن و قسه‌كردن به‌ كوردی قه‌ده‌غه‌ بوو و پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی و جامانه‌ به‌ ته‌واوی یاساغ كرابوو.

زیندانەکانى مهاباد پڕبوون لەو کوردە شۆڕشگێڕ و نەتەوەییانەى کە دەسەڵاتی زۆرداری ئەوکاتەى شای ئێرانیان ڕەتدەکردەوە و دژی چەوسانەوە وەستابوونەوە، ئەوە هەستی نەتەواییەتى و نیشیتیمانپەروەری لای هێمن زیاتر کرد، کە وەک نیاوێک شێعری نەتەوەیی لێهەڵدەقوڵا.

هەر ئەمە بوو وایکرد هێمن ببێتە ئەندامی کۆمەڵەى ژێ کاف کە لەلایەن چەند کەسێکی خوێندەوارەوە لەو کاتەدا دامەزرابوون و ئەرکیا خەباتى مەدەنى و رۆشنبیری و نەتەوەیی بوو.

باس باسی ساڵی ١٩٤٢وە لەو کاتە کۆمەڵەى ژێکاف دەنگدانەوەیەکى گەورەى درووست کردبوو کە تەنانەت بانگەشەى کوردستانێکی سەربەخۆیان هەڵگرتبوو، ئەمە بە کەیفی هێمن موکریانى بوو، بۆیە لەوێوە ئەسپی خۆی تاودا و دەستی بە خەبات و تێکۆشانی ئەدەبی و نەتەوایەتى خۆی کرد.

هێمن لە هەموو ئەو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیانەى بۆ پێکهێنانی بەرەیەکى کوردی تا دامەزراندنى کۆماری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ بەشداری کردووە و ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، لەناو کۆماریشدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی پێدراوە.

ڕووخانی کۆماری مهاباد زیاتر لە هەموو کەسێک ئازار بە هێمن مووکریانى دەگەیەنێت، چونکە ئەو جگە لەوەی بەشداریی کۆمارەکە بووە، لە هەمان کاتدا هەستێکی لە ڕادەبەدەری کوردایەتى و نەتەوەیی هەبووە، بەشێعرەکانیشی ئەوەى زۆر بە ڕوونى دەربڕیووە.

لەدوای ڕووخانی کۆماری مهاباد و بەدیاریکراویش لەسەرەتای ساڵی پەنجاکان دەست دەکاتەوە بە کاری سیاسی و تا ساڵی ١٩٨٠ لەناو حزبی دیموکراتى کوردستان کاری سیاسی و ئەدەبی دەکات، به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ی چواری ئه‌و حزبه‌ و دوای ئه‌وه‌ی دانووستانەكان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌یشته‌ بنبه‌ست و ئاماده‌ نه‌بوون مل به‌ خواستی كورد بده‌ن، حزبی دیموكرات خه‌باتی چه‌كداری ده‌ست پێ كرده‌وه‌.

لەو سەروبەندەدا هێمن موكریانی كه‌ ته‌مه‌نی به‌ره‌و پیری هەڵکشاوە و توانای جه‌سته‌یی و ده‌روونی ئه‌وه‌ی نه‌مابوو بەشدار بێت لە خەباتی چەکداری، له‌ نامه‌یه‌كدا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشکەش بە سەرکردایەتى حزبی دیموکرات دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە شاری مهاباد.

هێمن موکریانى تەنیا بەجەستە لە شاری مهاباد دەبێت بە دڵ و بیر و هۆش هەر لە چیا و دۆڵەکانى کوردستان دەبێت و بەشێعر و هۆشی شان بەشانى پێشمەرگە دێت و دەچێت، بۆیە ئەو ساڵانەى دوایی بەرهەمێکی شێعری بەپێز بڵاودەکاتەوە، کە بەشێکی گرنگی شێعەکانى نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەرین.

د. عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو له‌ پێشه‌كی دیوانی تاریك و ڕوونی هێمندا دەڵێت: فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی ھێمن ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دانیشێ و له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشای ژیان و خه‌باتی گه‌لەکەی بكات و بۆ خۆی و یان بۆ گه‌ل شیعر بڵێ، ھێمن ئه‌و ئه‌سڵه‌ی قبووڵ كردووه‌ كه‌ ئه‌ركی شیعری شاعیری گه‌لێكی زۆرلێكراو ته‌نیا لێكدانه‌وه‌ و خستنه‌ ناو ھۆنراوه‌ی ته‌بیعه‌ت و جوانی نییه‌.

هێمن مووکریانى خاوەنی ١٢ بەرهەمی ئەدەبی و وەرگێڕانە کە  لەوانەش، ناڵەى جوودایی، تاریک و ڕوون، بارگەی یاران، قەڵای دمدم، هەواری خاڵی،پاشەڕۆک، شازادە و گەدا، چەپکێ گوڵ، چەپێ نێرگز، ئەفسانە کوردییەکان، چەند بابەتێکی دیکەش.

هێمن موکریانى لەناو گەل بە مامۆستا هێمن ناوی دەرکردبوو، لەو ساڵانەى کۆتایی گۆڤاری سروەى دامەزراند و ژمارە ١ـی لە شاری ورمێ بڵاوکردەوە و خۆشی بەمجۆرە هیوای بەردەوامى بۆ گۆڤارەکە خواستووە دەڵێت: ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا، كۆتاكانی ته‌مه‌نیشی هەر  له‌ ورمێ بۆ گۆڤاری سروه‌ ته‌رخان كرد.

دوای ده‌رچوونی چوار ژماره‌ی گۆڤاری سروه‌ و ڕۆژی ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٦ مامۆستا هێمن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ورمێ كۆچی دوایی كرد و ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێنرایه‌وه‌ شاری مهاباد و له‌ سەر وەسییەتى خۆی لە گۆڕستانی نووسه‌ران و ئه‌دیبانی ئه‌و شاره‌ به‌ خاك سپێردرا.

هـ.ح

Comments are closed.