تەڤچاند: دەبێت هونەرمەندان ئاڵای هۆزان سەفکان هەمیشە بەشەکاوەیی بهێڵنەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە ڕاگەیانداوێکدا، تەڤچاندی ئەوروپا، یادی شەهید سەفکان هونەرمەندی شۆڕشگێڕی کردەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە حەفتانین شەهیدبوو، ڕایگەیاند، هۆزان سەفکان نەک تەنها چەکەکەی، بەڵکو بە ئامێرە میوزیکیی و دەنگە ناوازەکەی جۆشی دەدا بە هاوڕێکانی و بەهاکانی شۆڕشی بە هونەریی دەردەبڕی، دەبێت خەباتکارانی کولتوور و هونەر وەک شەهیدان بجوڵێنەوە و ئاڵای هۆزان سەفکان هەمیشە بشەکێننەوە.

تەڤچاندی ئەوروپا، لە بارەی ٣٩ـمین ساڵیادی شەهیدبوونی هونەرمەندی شۆرشگێر جەلال ئەرجان ناوسراو بە هۆزان سەفکان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی تەڤچانددا هاتووە، شەهید سەفکان پێشەنگی بە دەزگایبوونی کولتوور و هونەری کوردییە، هۆزان جەنگاوەرێکی شۆڕشی کوردستان بوو، لە هاوینی ١٩٨٢دا لەگەڵ هۆزان مزگیندا لە لوبنانەوە ڕۆشتنە ئەڵمانیا، ئەرکیان پەرەپێدانی کولتوور و هونەری کوردی بوو، هۆزان کاتێک چووە ئەڵمانیا لەگەڵ هونەرمەندانی کورددا چاوپێکەوتنی دەکرد و دەزگایبوونی کولتووری پێشنیار دەکرد، دوای ئامادەکارییەکی باش لە حوزەیرانی ١٩٨٣دا بە پێشەنگایەتی هۆزان سەفکان کۆنگرەی کولتوور و هونەر ئەنجامدرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، هۆزان سەفکان لە ساڵی ١٩٨٤دا دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، لەناو دوو ساڵدا کولتوور و هونەری ڕێکخست، یەکەمین کاسێتی کۆما بەرخۆدانی ئامادەکرد و هەروەها کاسێتی “سۆلۆ”ـی خۆیی بەرهەمێنا، هەروەها بۆ چەندین کتێب، گۆڤار، ڕێپێوان و شەوچەرەی ئەو کاتە وێنەی دروستدەکرد، هەروەها لە ئەوروپاش لە ماوەی دوو ساڵدا چەندین شەوچرەی هونەریی ڕێکخستووە.

باسیان لەوەشکردووە، هۆزان سەفکان لە باشووری کوردستان بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوو، لە چیاکاندا نەک تەنها بە چەکەکەی، بەڵکو بە ئامێر و دەنگە ناوازەکەی جۆشی دەدا بە هاوڕێکانی و بەهاکانی شۆڕشی بە شێوەکەی هونەریی دەردەبڕی.

ڕۆژی ١٦ـی نیسانی ١٩٨٥ بۆ شۆڕشی کوردستان ڕۆژێکی ڕەشە، لەو ڕۆژەدا لە ئەنجامی پیلانگێڕیی پارتی کۆمەنیستی عێراقدا لە حەفتانین هەشت جەنگاوەری پەکەکە کە لە ناویدا هۆزان سەفکان، ڕەئوف، ئاکبای و ئیدریس ئۆکمان هەبوون، شەهیدبوون، هەموویان بۆ تێکۆشانی گەریلا کە تازە دەستیپێکردبوو خۆیان پەرەوەردە کردبوو، بۆیە دەڵێین، شەهیدانی ١٦ـی نیسان بۆ شۆڕشی کوردستان لە دەستدانێکی گەورەبوو.

پێویستە خەباتکارانی کولتوور و هونەری وەک شەهیدان بجوڵێنەوە، دەبێت ئەرکەکانی شۆڕش پێکبهێنن، پێویستە لە  بەرهەمەکانیاندا گێرانەوەی دۆخی گەل و تێكۆشانبێت، پیویستە هەموو کارە هونەرییەکان جۆش و مۆراڵ ببەخشێت بە گەل، پێویستە ببێتە پەرەپێدەری ئیرادەی تێكۆشان، پێویستە هەموو کاتێک ئاڵای هۆزان سەفکان بشەکێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.