هەینی, 1 ماي 2020 – 12:07 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جێبەجێبوونی بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت، نرخی نەوت بەرزبوویەوە.
دوای مانگێک لە نزمبوونەوەی نرخی نەوت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەتایبەت نەوتی ئەمریکا و هاتنەخوارەوەی بۆ ژێر سفر، پسپۆڕان بڕوایان وایە بەم نزیکانە نرخی نەوت جێگیر نابێتەوە و ماوەیەکی درێژیخایەنیشی پێدەچێت تا بگاتەوە ئاستی خۆی.
لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێبوونی بڕیارەکەی ئۆپێک، پشکی نەوتی خاوی تەکساس بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو بۆ زیاتر لە ١٩ دۆلار بەرزبوویەوە، بەڵام نەوتی برێنت بۆ تەمموزی ئەمساڵ تەنها ٢.١١٪ بەرزبوویەوە و گەیشتە ٢٧ دۆلارو ٥ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
کاتژمێر ٨:٤٢ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی تەکساس بەڕێژەی ٣.٣٪ بەرزبوویەوە و گەیشتە ١٩ دۆلار و ٤١ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی ڕێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵەس، لە قۆناغی سەرەتای ڕێککەوتنەکەدا ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە کەم دەکرێتەوە، ئەوەش دابەشکراوە بەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و هەر وڵاتە و ڕێژەی ٢٣٪ بەردەکەوێت.
ش.ف