ئەنجومەنی گەلی مەخمور داوای هاوکاریی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ئەنجومەنی گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخمور، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی کامپەکە بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن، کە پێداویستی پزیشکیان بەرەو نەمان دەچێت و ژیانی هاوڵاتیانی کامپەکە لەمەترسیدایە، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن هاوکاریی کامپەکە بکەن.


ئەمڕۆ، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخمور، لەسەر بارودۆخی هاوڵاتیانی ناو کامپەکە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدرا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکدا حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور قسەی کرد و وتی: لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، مەترسی لەسەر ئێمە دروست بووە، بۆیە داوای هاوکاریی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین.

دواتر لەلایەن ڕۆژین ئیسڤ، هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور، ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو: ئێمە وەک هاوڵاتیانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور، کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و شاری موسڵ لە عێراق وەک پەنابەر دەژین، بەوپێیەش کە ڕەوشی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێویست نییە، بەپێی لێدوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوە بۆ ئێمەش جێگەی مەترسییە.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک گەلی مەخمور، بەپێی توانای خۆمان و بەو کادرە تەندروستی و پێداویستیە تەندروستیەکی کە هەمانە هەندێک ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر، هەندێک قوتابخانەمان بۆ شوێنی مانەوەی نەخۆش ئامادەکردووە، نزیکەی ١٢٨ هاوڵاتی لە شارەکانی دەوروبەرەوە گەڕاوەتەوە مەخمور، کەرەنتینە کراون، ٤٧ کەسیان ماوەی کەرەنتینەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئەوانی دیکە لە کەرەنتینەدان، بەڵام پێداویستییە پزیشکییەکانمان بەرەو نەمان دەچێت.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک گەلی مەخمور داوا لە ڕیکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکەین، پێداویستی بۆ ئێمە دابین بکەن، هەروەها پێویستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنامان بۆ دابین بکەن، لەوباوەڕەشداین کە هەموان دەنگی ئێمە ببیستن و بە هانامانەوە بێن.

د.ع