یەكشەممە, 12 أبر 2020 – 13:50 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
دوور لە نوێژخوێنان و لەگەڵ ٢٤ کەسیتردا، ئەمڕۆ پاپا فرانسیس کاردیناڵ، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان لە کڵێسای بەنێوبانگی ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا مەراسیمی جەژنی ‘قیامە’ هەستانەوەی مەسیح-ی بەڕێوەبرد.
ساڵی ڕابردوو لە مەراسیمێکدا پاپا لەبەردەم ١٠ هەزار نوێژخوێندا جەژنی قیامەی بەڕێوەبرد، بەڵام ئەمساڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی بەرنامەو چالاکییەکانی کەنیسەو پاپای هەڵوەشاندەوە.
پاپای تەمەن ٨٤ ساڵ لە نزاکانیدا وتی؛ناترسین، خۆمان ڕادەستی ترس ناکەین؛، ئەم پەیامە هیوابەخشەی پاپا لەکاتێکدایە کە ئێستا ڕۆماو ڤاتیکان لە کەرەنتینەدان و شەپۆلی توندی ڤایرۆسەکەش لەو وڵاتەکەدا مەرگی نزیکەی ٢٠ هەزار کەسی بەدوای خۆیدا هێناوە.
پاپا دووپاتیکردەوە، کە هەموو شتەکان باش دەبن، دەبێت دەستی یارمەتی بۆ هەژارەکان زیاتر درێژ بکەین و ئەوەی دەمێنیتەوە تەنها بنەما جوانەکانی مرۆڤایەتییە، داواشی لە پەیڕەوانی ئایینەکە کرد لە ماڵەکانیان جەژنەکە بگێڕن.
هەروەها، داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە کێشە لەسەر و نائارامەکان، بەئامانجی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا.
ش.ف