یەكشەممە, 31 ماي 2020 – 15:22 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بە سەدان خۆپیشاندەری ئەمریکی بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستگیرکراون، لە بەرامبەر ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە دوای مردنی جۆرج فلۆید سەریانهەڵداوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، تا ئێستا پۆلیسی ئەو وڵاتە نزیکەی هەزار و ٤٠٠ کەسی لە ١٧ شار دەستگیر کردووە کە بەشداربوون لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی پۆلیس و شوێنە گشتییەکان کە وەک نیشاندانی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر پێشێلکردنی مافی ڕەشپێستەکان لەو وڵاتە ماوەی پێنج ڕۆژە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
لای خۆیەوە حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا باری نائاسایی لە شاری لۆس ئەنجلۆس ڕاگەیاندووە، کە دووەم گەورە شاری ئەمریکایە لە دوای نیویۆرک و دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە پاسەوانی نیشتیمانی لە شارەکە بڵاوەپێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CNNی ئەمریکی، لە ئێستادا لە ٢٥ شاری ئەو وڵاتەو ١٦ ویلایەت قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەنراوە، لە نێویشیاندا شاری سان فرانسیسکۆ، ئەلانتا، شیکاگۆ، فیلادلفیا، کۆڵەمبیا، ناشفێڵ و سیاتڵ و کنتاکی.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی CNN لە نزیکەی ٣٠ شاری ئەمریکا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی سەریهەڵداوە و داوای دادگاییکردنی ئەو چوار پۆلیسە دەکەن کە دەستیان هەبوو لە خنکاندنی فلۆیدی تەمەن ٤٦ ساڵ لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا.
شاری ئهتلانتای ویلایهتی جۆرجیا، شهوی هەینی ڕابردوو توندترین خۆپیشاندانی بهخۆیهوه بینی، ژمارهیهكی زۆر لە دووكان و بازاڕ تاڵانکران پێش سوتاندنیان، چوار ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش سوتێنران.
ک.س