دووشەممە, 4 ماي 2020 – 07:37 ڕۆژنیوز – هەرێم قادر
https://youtu.be/hF8SVTvZVqo?t=3″>
لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا شیلەی بنێشتی کوردی لە دارەبەن بەرهەم دێت، ئەم خێزانەی هەڵەبجە کە ئێستا کارگەیان داناوە، دەڵێن هاوڵاتیان شیلەی دارەبەنەکانی شاخەکانی بۆین، گریان و باڵامبۆ لە سنوورەکەیان كۆدەكەنەوە و ئەوانیش لێیان دەکڕنەوە.
سەرەتا شیلەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان دەیپاڵێون لە مەنجەڵێكی گەورەدا بە ئاگرێكی تیژ و بۆماوەی کاتژمێرێک دەیکوڵێننن، لە كاتی كوڵاندنەكەشیدا دەبێت زۆر ئاگاداری ببن بەبەردەوامیی، بۆ ئەوەی بنێشتەكە لەناونەچێت.
ئەم خێزانە کە ئێستا کارەکەیان فراوان کردووە و ناویان ناوە ‘کارگەی بنێشتی بۆین’، کارەکەشیان تەنها فرۆشتنی بنێشت نییە، بەڵکوی ئاوی تاڵی بنێشتەکەش دەفرۆشن، کە دەوترێت بۆ چەند نەخۆشییەک سوودی هەیە و هاوڵاتیان بەکاری دەهێنن.
دوای ئامادەبوونی، بنێشتەکە دەخرێتە ناو پارچەیەک نایلۆنەوە، ئەوەش بەچەند قەبارەیەک، کە لە ٢٥٠ دینارییەوە دەستپێدەکات بۆ هەزار دینار.
ئەم کارگە خۆماڵییەی هەڵەبجە، ئێستا بەرهەمەکانی دەگەیەنێتە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لەوانە، هەولێر، سلێمانی، کەلار و چەمچەماڵ ….هتد.
وەک سەلاح قادر خاوەنی كارگەكە بە ئێمەی وت، ئەم کاری دەیان ساڵەیانە و لە باووباپیرانیانەوە بۆیان بەجێماوە، دەشڵێت هاوڵاتیان بنێشتەكەیان بۆ دەبەن و ئەوانیش لێیان دەكڕنەوە.
سەڵاح قادر دەڵێت ساغکردنەوەی بنێشت کارێکی قورس، لەگەڵ ئەمەشدا باس لەوە دەکات، کە مانگانە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆ بنێشت ساغ دەکەنەوە و نیازیشیان هەیە پیشەکەیان فراوانتربکەن، کە ئێستا ١٠ کارمەندیان هەیە و ئەوانیش زۆرینەیان ژنانی گەنجن.
ڕۆژان جەبار یەکێک لە کارمەندەکانی کارگەکەیە، ئەو دەڵێت ڕۆژانە نزیکەی حەوت کاتژمێر کاردەکەن و دڵخۆشیشە بەوەی کە لەو شوێنەدا کاردەکات، کارەکەشی ئەوەیە کە بنێشتەکان دەکاتە ناو نایلۆنەوە بۆ ناردنە بازاڕەکان.
ڕۆژان پرۆژەکە بە گرنگ دەزانێت و بۆ ئەو گەنجانەی کە بێکارن، وەک خۆشی دەڵێت:”گرنگە بەتایبەت بۆ ژنان، داوا لە کچان و ژنان دەکەم کە لە ماڵەکان بێنە دەرەوە و خۆیان سەرقاڵی کارکردن لە دەرەوە بکەن و پشت بەخۆیان ببەستن”.
س.ح