پێنجشەممە, 5 أبر 2018 – 18:03
ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی
ئەنجومەنی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە، ڕایانگەیاند، دەرفەتێك دەدەین بە حكومەت، تاوەكو بەڵێنەكانی ئەمجارەی جێبەجێ بكات، هۆشداریشیان دا:”ئەگەر تا ٣٠ ڕۆژی داهاتوو مووچەیەكی تر وەرنەگرین، ئەوا هەڵوێستی توندتر دەنوێنین”.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان، ئەنجومەنی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە، بەیاننامەیەكیان لەسەر شكاندنی بایكۆت و دەستپێكردنەوەی دەوام بڵاوكردەوە.
بەرهەم عومەر، لەسەر ناوی ئەنجومەنی خۆپیشاندەران بەیاننامەكەی خوێندەوە كە تیایدا هاتبوو: پێویستە حكومەت گەرەنتی پێدانی مووچەكانمان لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا پێبدات، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی زووترە ئەو چاكسازییانەی كە خۆیان ڕیكلامی بۆ دەكەن بەیاسایی بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەها، هاتبوو: كاتێكی گونجاو و سنوردار دیاریبكرێت بۆ لابردنی ڕێژەی (10% بۆ 30%) لە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.
لەبارەی ئەو مووچە پاشەكەوتكراوانەی كە لای حكومەتە، ئەنجومەنی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە داوادەکات: لە هەژماری هەر فەرمانبەرێكدا ڕێكبخرێت، تا بتوانێت بۆ پێدانی باج و ڕسومات بەكاریبهێنێت و بانگهێشتی هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكەین، كە بە پڕۆژە یاسایەك حكومەت ناچار بكات تا بچێتە ژێر باری گەڕاندنەوەی تێكڕای مووچە پاشەكەوتكراوەكان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە-دا، داواکراوە، کە حكومەت هەستێت بە ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات بەجۆرێك كە باری سەرشانی هاوڵاتیان سوكبكات.
لەكۆتایی بەیاننامەكەشدا هاتبوو: گۆڕانكاری لە شێوازی چالاكی و فشارەكانماندا دەكەین، دەرفەتێك دەدەین بەحكومەت تا بیسەلمێنێت لەگەڵ بەڵێنەكانیدا جددییە و ئەمجارە درۆ ناكات و ٣٠ ڕۆژ پاش ئەمڕۆ مووچەیەكی تر وەرنەگرین ئەوا هەڵوێستی زۆر توند دەنوێنین.
ب.ل