پێنجشەممە, 13 سبت 2018 – 12:07 ڕۆژنیوز- کەرکوک
دوێنی لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە خانوویەکی تەواونەکراودا لە ناوچەی پیشەسازی شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، چوار ناسنامە دۆزرایەوە، کە سیانیان ناسنامەی پێشمەرگایەتیی بوون و لەناو پۆشاکەکانیاندا بوو.
عەقید فەتاح یاسین، بەڕێوەبەری پۆلیسی حەویجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”راستە ناسنامەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، بەڵام تاوەکو پشکنینی تەواو بۆ ئێسکوپروسکەکان نەکرێت، نازاندرێت بۆ خاوەن ناسنامەکان دەگەڕێتەوە یاخود خەڵکانی دیکەن”.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری کەرکوک بە ڕۆژنیوزی وت:”لە ئێستا ئێسکوپروسکی ئەو تەرمانە لە نەخۆشخانەی ئازادییە و لیژنیەکی تایبەت توێکاری و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن”.
لە ناوەڕاستی ساڵی ۲۰۱٤ شارۆچکەی حەویجە و چوار شارەدێی سەر بە شارۆچکەکە کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش و لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷ هێزە عێراقییەکان توانیان حەویجە لەدەستی داعش ڕزگار بکەن، تا ئێستاش چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە، هاوڵاتیان و ئەنداامنی هێزە ئەمنیەکانی تیدا کۆمەڵکوژکراوە.
ش.ف