شەممە, 11 أغس 2018 – 15:34 ڕۆژنیوز – نەسرین حسێن/نووپەلدا تێکۆشین
١٤ی ئابی ٢٠٠٧، لە گوندەکانی سیبا شێخ خدر و تەل ئیزەر تەقینەوەی گەورە ڕوویدا، لەو تەقینەوەیەدا سەدان هاوڵاتی کوژران و برینداربوون، چەند هاوڵاتییەکی خەڵکی ئەو گوندانە بەبۆنەی ١١یەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەوە قسەیان بۆ رۆژنیوز کرد.
وەتها فانۆ، یەکێکە لە شایەتحاڵانی ئەو کۆمەڵکوژییە، بەمشێوەیە باسی کۆمەڵکوژییەکە دەکات: لەکاتی تەقینەوەیەکەدا من لە نانەواوە دەچوومەوە بۆ ماڵەوە، بە بیستنی دەنگی تەقینەوەکە هەموو نانەکانم لە دەست کەوتنە خوارەوە، هەر دوو کچەکەم تێداچوون، ماڵەکە بەسەرماندا ڕووخا، بەزۆری خۆم ڕزگار کرد، کاتێک یەکەم تەرمیان پیشان دام وتم ئەوە چییە؟ تەنیا لە ماڵێک ٢٤ کەس کوژرابوون، خزم و کەسی زۆرم کوژران، هاوسەرەکەم کوژرا، تەرمی کچەکانم لە ژێڕ ڕووخاوەکاندا مابوون، هەموو شوێنێک پڕ بوبوو لە تەرم و بریندار و ناڵە ناڵی بریندارەکان.
وەتها باسی فەرمانی ٣ی ئابیشی کرد و وتی: ٣ی ئابیش دیسان فەرمانیان بەسەرهێناین، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار و شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە، ئێمەیان لەو فەرمانە ڕزگارکرد، تا ماوین چاکەکانی ئەو شەڕڤانانە لەبیرناکەین.
سەرهان ئیتۆ، هاوڵاتییەکی دیکە کە ژمارەیەی زۆر لە کەسوکارەکانی لەو تەقینەوەیەدا کوژراون دەڵێت: ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لەبارەی تەقینەوەکەی تەل ئیزەرەوە سەرەتا وتیان تیرۆریست بوون، بەڵام دوایە تێگەیشتین کە دەستی قێزەونی سیاسەتی لە پشت بووە، سێ ئۆتۆمبێلی گەورەیان هێنایە سیبا شێخ خدر و تەل ئیزەر و تەقاندیانەوە، کە تەقینەوەکە ڕوویدا تا ماوەیەک نەماندەزانی لە کوێین، دوو برا و دوو برازا و هاسەری براکەم لەو تەقینەوەیەدا کوژران، ئێمە ژمارەمان ملیۆنان کەس بوو، بەڵام عوسمانییەکان ئەوەندەیان کۆمەڵکوژکردین کە ئێستا بەس ملیۆنێکمان لێ ماوە، لەکاتی فەرمانەکەی ٢٠١٤دا پەکەکە بەهانامانەوە ها و پێشمەرگەکانی پارتی پشتیان تێکردین.
موراد ئیتۆش وتی: ١٤ی ئاب تەقینەوەکە ڕوویدا، هەندێک لە سەربازەکانی حکومەتی هەرێم دەیانوت کە تەقینەوە ڕوودەدات، بەڵام ئێمە باوەڕمان پێنەکردن، پێنج کەس لە خانەوادەکەم کوژران، لە کاتی فەرمانەکەی ٢٠١٤شدا گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی ئازادی فریامان کەوتن، هیوامان ئەوەیە کە ئۆجالان ئازادبکرێت، چوارپارچەی کوردستان ئازاد بن و خەڵکی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.
س.ح