پێنجشەممە, 19 يول 2018 – 09:29 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، هۆکارەکانی بەردەوامبوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا و هەروەها مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەری نرخاندووە.
ساڵح موسلیم دەڵێت: لە سەرەتای شۆڕشەوە خۆمان بە هێڵی سێیەم ناونا، چونکە نە دەسەڵاتداری و نە هێزە چەکدارەکانی دژ بە حکومەت دیموکرات نەبوون، دەمانویست مافە دیموکراتییەکانمان بەدەستبێنین، خەڵک ڕێکبخەین و پشت بە هێزی خۆمان ببەستین، ئێمە سیستمێکی ئەڵتەرناتیڤ دادەمەزرێنین، سیستمێک کە دووربێت لە دەسەڵاتخوازی.
لە بەردەوامیشدا باسی لە ڕۆڵی خەڵک لەو شۆڕشەدا کردووە و ڕایگەیاندووە: خەڵک بە هێز و ئیرادەی خۆیان وەڵامی پێداویستییەکانی خۆیان دایەوە، ئەوان پشتگیریی داواکارییە دیموکراتییەکانیان کرد، وردە وردە دەستیان کرد بە بەڕێوەبردنی خۆیان و هێڵی سێیەم هاتە ئاراوە، پاش ئەوەی شۆڕشی ١٩ی تەموز دەستیپێکرد هێرشەکان زیادیان کرد، هەم چەتەکانی سەر بە تورکیا و هەم ڕژێم هێرشیان بۆ سەرمان دەستیپێکرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا باسی لە هێرشەکان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی ڕۆژئاوا کردووە و ڕایگەیاندووە: تورکیا هەم دامەزرێنەری ئەو گروپە چەتانە بوو، کە هێرشیان دەکردە سەر ڕۆژئاوا و هەم پشتگیریی دەکردن، تورکیا چ لە جنێف و چ لە ئاستانە و چ لە سۆچی بەس یەک قسەی دووبارە کردەوە “یان ئێمە یان ئەوان”، تورکیا هەبوونی کوردی پێ قبوڵ ناکرێت.
لە بارەی ڕێککەوتنەکانی پشتی هێرش بۆسەر عەفرینیش وتی: ئەگەر لە نێوان دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریا ڕێککەوتن نەبووایە، نەیاندەتوانی عەفرین داگیربکەن، دووان لەو دانیشتنانە بۆ ڕێککەوتن لەسەر هێرش بۆ سەر عەفرین لە تاران ئەنجامدرا، دیارە تارانیش ڕەزامەند بوو بەو هێرشە، تورکیا هەموو هێز و سوپاکەی، کە دووەمین سوپای گەورەی ناتۆیە لە دژی عەفرین بەکارهێنا، لە عەفرین ڕووبەرووی بەرخۆدانێک بوونەوە کە هەمووان لاڵ بوون لە بەرامبەریدا.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتوویەتی: سەرکەوتنەکانی شەش ساڵی ڕابردوومان و شەڕ و تێکۆشانمان بۆ بەرگری لە خۆمان دەیسەلمێنن، کە ڕێگای ڕاستمان هەڵبژاردووە، هێڵی سێیەممان هەڵبژاردووە و هەرگیز دەستبەرداری نابین و لە ئەنجامدا سەردەکەوین، ئەگەر ڕژێم بیەوێت خۆی بەدیموکرات بکات ئێمە دەتوانین لەگەڵی ڕێکبکەوین، ئەگەر پێوەرەکانمان بۆ دیموکراسی قبوڵ بکرێن ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێک دانیشین و ڕێکبکەوین.
ب.ل