پێنجشەممە, 30 أغس 2018 – 14:51 ڕۆژنیوز ـ هەولێر
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە دادگای كەسنەزان، د. شایان عەسكەری، پزیشك لە نەخۆشخانەی نانەكەلی، كە نەخۆشخانەیەكی تایبەتە بە شێرپەنجە، داوای یاسایی لەڕێگەی پارێزەرەكانییەوە تۆماركرد لەسەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە.
لە لێدوانێكیشدا بۆ دەزگاكانیڕاگەیاندن، شایان عەسكەری وتی: لەماوەی ڕابردوودا سەرباری ئەوەی كەڕێكاری یاساییم بەرامبەر گیراوەتەبەر بەهۆی داواكردنی مافی خۆمەوە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرەكەشم، كە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەكەلیشە، ناوم زڕێندراوە، منیش بۆ ئەوەی داوای مافی یاسایی خۆم بكەم، ئەمڕۆ داوای یاساییم لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە تۆمار كرد.
باسی لەوەشكرد: من سوكایەتیم بەرامبەر كراوە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە هێرشم كراوەتەسەر.
لەلایەكی ترەوەڕێبین شەمامەری، پارێزەری شایان عەسكەری باسی لەوەكرد، كە لەسەر ئەو سكاڵایانەی پێشتر لەسەر شایان عەسكەری تۆمار كراوە و داوای قەرەبووی لێدەكرێت، سێ پارێزەری خۆبەخش بەرگریی لێدەكەن، هەروەها ئەو سكاڵایەی ئەمڕۆش شایان عەسكەری تۆماری كرد، هەر لەلایەن ئەو سێ پارێزەرەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە خۆپیشاندانەكانی بەهاری ئەمساڵدا لە هەولێر بۆ مووچە، شایان عەسكەری یەكێك لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكان بوو، بەڵام هێرشی كرایەسەر، ئەویش بە مۆبایلەكەی ڤیدیۆی ئەو كەسانەی گرت، كە هێرشیان كردەسەری و بڵاوی كردەوە، دواتر ئەو كەسانە ساكاڵایان لەسەر شایان عەسكەری تۆمار كرد و داوای ١٠٠ ملیۆن دینار قەرەبوو دەكەن.
ك.ك/ب