شەهید سەرحەد ئەو هونەرمەندەی تا ئێستاش لە دڵی باشوردا زیندووە

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی هونەرمەند و گەریلا، هۆزان سەرحەد خاوەنی گۆرانی (هەولێر) تێپەڕ دەبێت و هونەرمەندانی باشوری کوردستانیش بەپەرۆشییەوە باس لە ڕۆڵ و خزمەتی ئەو هونەرمەندە دەکەن و بە هونەرمەندێکی گەورە و نەتەوەیی پێناسەی دەکەن.


لە ٢٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩ گەریلا  و هونەرمەندی میوزیک ژەن و گۆرانیبێژ، هۆزان سەرحەد، لە هەرێمی بۆتان لە باکوری کوردستان لە بۆسەیەکی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، بەڵام شوێنپەنجەی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکی باشوری کوردستان و چیاکاندابووەیادگارییەکی پیرۆزو مایەوە.

سولێمان ئالی دۆخان، ناسراو بە هۆزان سەرحەد، لە ٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٠لە شارۆچکەی ئەلەشکیردی سەر بە ناوچەی ئارارات، لە باکوری کوردستان لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەژێر کاریگەریی براگەورەکەی، خولیای هونەر لە ناخیدا چەکەرە دەکات و هەر بەوجۆرە دەست بە ژەنینی ساز دەکات.

لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناو هەزار و ٨٠٠ خوێندکاردا لە زانکۆی شاری ئزمیر لە بەشی میوزیک پلەی دووەمین بە دەست دێنێت و لەوێدا لەبری ساز بەشی تار لە میوزیکی ئازەری دەخوێنیت و هەر دوابەدوای ئەوە فێری ژەنینی پیانۆ، شمشاڵ و گیتار دەبێت.

ئاوێتە بوونی بە دونیای هونەر و میوزیک، دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی سەرکێشیی بکات بە دوای سیاسەت و هونەرە ڕەسەنەکاندا بگەڕێت، بۆیە لە زانکۆدا بە گرنگییەوە باس لە هونەر و گۆرانیی کوردیی دەکات، کە دەبێت لێکۆڵینەوەی باشی لێبکرێت و هەر لەو پێناوەشدا چەند گۆرانییەکی کۆنی کوردی دووبارە زیندوو دەکاتەوە.

هۆزان سەرحەد، لە ساڵی ١٩٩١ لە گەڵ خوێندکارێک بە ناوی یەڵدز، هاوسەرگیریی دەکات و لە تەممووزی هەمان ساڵدا پێکەوە ئاشنای بیرو ڕێبازی پەکەکە و ئۆجالان دەبن، یەڵدز دوای ماوەیەک لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانی شاری ئەماسیە و ١٢ ساڵ زیندانی کردنی بە سەردا دەسەپێنرێت.

دوای ئەو ڕووداوەش، سەرحەد  ڕوو لە شاخ دەکات و سەرەتا دەچێتە هەرێمی هەفتانین و دواتر لە ئەکادیمیای مەحسوم قۆرقماز پەروەردە دەبینێت و بەهۆی بەهرەداربوونی لە بواری موزیک لە ئەوروپا چوارساڵ کاری هونەری لە چوارچێوەی موزیک و شانۆ درێژە پێدەدات و گرنگی بە هونەریڕەسەن و زیندوو کردنەوەی دەدات.

سەرحەد، ساڵی ١٩٩٦ لە ئەوروپاوە دەگەڕێتەوە کوردستان و دوای چەند مانگێک مانەوە لە زاپ، ڕوو لە باشوری کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا لە هەولێر دەکات، دواتر لە سلێمانی درێژە بە کارەکەی دەدات.

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن پارتییەوە هێرشدەکرێتە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا لە شاری هەولێر و چەند هونەرمەندێک شەهید دەبن،هۆزان سەرحەد، گۆرانییەکی بە ناوی(هەولێر) تۆمار کرد وەک هاوخەمییەک بۆ لە دەستدانی ئەو هونەرمەندانە، کە دواتر ئەو گۆرانییە هێندەی دیکە ئەو هونەرمەندەی بە باشور ناساند.

شەهید سەرحەد، لە شاری سلێمانی، نزیکەی سێ ساڵ ماوەتەوە و لە گەڵ زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک ئیبراهیم خەیاتی کۆچکردوو، تاراڕەسوڵ، تەحسین تەها، ئەرجومەن هەورامی، نیان عەبدوڵا و بەشێک لە میوزیک ژەنەکان کاری هونەریان پێکەوە ئەنجامداوە.

هۆزان سەرحەد، لە ٢٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٩ بۆ تۆمارکردنی کلیپێک لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی لە هەرێمی بۆتان لە باکوری کوردستان دەکەوێتە بۆسەی جەندرمەی دەوڵەتی تورکەوە و شەهیددەکرێت.

هونەرمەندانی باشوری کوردستان، نیان عەبدوڵا- گۆرانیبێژ،ڕێبوار کاکەیی - هونەرمەند، سەفین خەراجیانی - میوزیکژەن و هەروەها عەبدولی حەمە جوان، ئەکتەر، هەریەک بە شێوازی جیاواز پێناسەی هۆزان سەرحەد و لێهاتووی ئەو دەکەن، بەشێوازێک کە بە کوڕ بە توانا و هونەرمەندەکە لەلای زۆر بەیان ناسرابوو.

 

"تا ماوم خۆم بە قەرزارباری هۆزان سەرحەد دەبینم"

هونەرمەندی نیان عەبدوڵا، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە ماوەیەک پەیوەندیی لەگەڵ هۆزان سەرحەد هەبووە، باس لە چۆنیەتی ناسینی کرد و وتی: یەکی مانگی تشرینی یەکەم بڕیار بوو کە کۆنسێرتێک ئەنجام بدرێت کە ئەو کات لە لایەن تەلەفزیۆنیخاک-ەوە بۆمان ئەنجامدرا، کە لە کاتی پرۆڤەکردندا دەمبینی و من هەمیشە پێمدەوت بۆ بەم هەموو لێهاتوویەتەوەهەرگیز دەرناکەوی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەیوت: ئەوە تۆ من ناناسی ئەگەر بمناسی واناڵێی، بۆیە دەتوانی بێیتە ناوەندەکەمان و تەنانەت سود لە وانەکانی من وەرگری هەربۆیە چەنڕۆژێک پێکەوەپڕۆڤەمان دەکرد و ئەویش بە گۆرانییەک بەشدار بوو.

لە درێژەی قسەکانیدانیان، وتی: هۆزان سەرحەد کەسێکی بە بەڵێن و نهێنێ پارێز بوو، کە زۆر درەنگ دەتتوانی پەی بە کەسایەتیی ببەیت، من یەکێک بووم لەوانەی کە زۆر سەرسام بووم بە هونەری شەهید هۆزانکە بەڕاستی کەسێکە هیچ کات دووبارە نابێتەوە، ئەو خاوەنی دەستوپەنجەیەک بوو کە کەم کەس دەیتوانی بەو شێوەیەی ئەومیوزیک بژەنێت، ئەگەرچی ماوەیەکی کەم لای ئێمە بوو، بەڵام توانی شوێن پەنجەی خۆی دیاری بکات و هیچ کاتیش لە بیری نەکەین،"تا ماوم خۆم بە قەرزارباری هۆزان دەبینم چونکە ئەو وایکرد لەو شێوازەی من کە عەرەبی تێکەڵ بوو، دوور بکەومەوە و دوایڕێچکە و شێوازەکەی ئەو بکەوم وە حەزیش ئەکەم کارێکی ئەو بڵێمەوە لە سەر شێوازەکەی خۆی وەک دیارییەک بۆگیانیپاکی".

 

"هۆزان خولیای ئەوەبوو کە بە هەورامی گۆرانی بڵێت"

ڕێبوار کاکەیی هونەرمەند یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی شەهید سەرحەد، لەبارەی ئەو هونەرمەندە شەهیدەوە وتی: یادگاری زۆرمان پێکەوەهەبوو کە هیچ کات ناتوانم لە بیری بکەم، چونکە خاوەنی کەسایەتییەک بوو کە بە پێی کات و شوێنە کە هەڵسووکەوتی دەکرد و تەنانەت زۆرێک لە هونەرمەندانی باشوری کوردستان و بە تایبەت شاری سلێمانی سەرسام بوون بە کەسایەتی و ژەنیاریی هۆزان سەرحەد.

وتیشی: لەو سەردەمەدا کەسێکی وانەبوو کەجوانییەکی وا بە گۆرانی و کلیپی هونەرمەندان بە ساز بدات، هەروەها ئەگەر چی ئەو خەڵکی باکوور بوو، بەڵام زۆربەی کات گۆرانی سۆرانی دەوت و تەنانەت خولیای ئەوەی هەبوو کە بە هەورامی گۆرانی بڵیت.

 

"خەونی گەورەی سەرحەد زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بوو"

هونەرمەند سەفین خەراجیانی، میوزیك ژەن، هاوڕێییەکی دیکەی نزیکی شەهید سەرحەد بوو لە بارەی ئەو شەهیدەوە وتی: هەر کە هاتە ئێرە زۆر بە خێرایی هەموو هونەرمەندانی ئێرە ناسیان و زۆر بە خێرایی ناوبانگێکی زۆر باشی بە میوزیکەکەی دەرکرد، بۆیە بەڕاستی ئەو جۆرە کەسانە هەمیشە دەبێت زیندووبن و بەردەوامیادییان بکرێتەوە.

هۆزان سەرحەد، لای خەڵک بەوە ناسرابوو کە سازی دەژەنی، بەڵام لە ڕاستیدا گیتار و پیانۆشیی بەباشیی دەژەنی و من لە کاتی کارکردندا زۆر سودم لێوەرگرت، بەتایبەت ئەو خەونێکی گەورەی هەبوو کە دەیویست هەموو گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان تازە بکاتەوە تا هەموو دونیا گوێی لێبگرن.

 

هۆزان سەرحەد هونەرکەی بۆ نەتەوەکەی بوو

عەبدولی حەمە جوان، ئەکتەر،سەبارەت بە شەهید سەرحەد، وتی "هونەرمەند، دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی خۆی لە دڵی هەموواندا کردبووەوە، توانیبەهۆی هونەرەکەوە سنوورە دەستکردەکان لاببات و هونەرەکەی بۆ نەتەوەکەی بێت، لە کاتێکدا هونەرمەند ئەگەر هونەرەکەی بۆ نەتەوە و گەلەکەی نەبێت ناتوانی بڵییهونەرمەندە، هەربۆیە دوای شەهیدبوونی وەک یەکێتی هونەرمەندان چەلەیەکی ماتەمینی شایستەمان بۆکرد".

لە دوای شەهیدبوونی هۆزان سەرحەد، چەندین گروپ لە سەر ئاستی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە ناوی ئەوەوە ناونران، بە هەزاران گەنجیش لە ناو ڕیزەکانی گەریلا ناو یاخود پاشناوی خۆیان بە ناوی ئەوەوە دیاری کرد.

ک.س