یەكشەممە, 17 يون 2018 – 15:52 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
قاسم ئەنگین، لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر قەندیل و خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواوە و ڕووە جیاوازەکانی ئەو داگیرکارییەی نرخاندووە.
ئەنگین بەم شێوەیە قسەکانی دەستپێکردووە: دەیانەوێت یاری بە دیموگرافیای کوردستان بکەن، هێرشەکانی سەر ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان یەکێک بوو لەو هەوڵانە، بە ڕۆژێک دەستیان بەسەر هەموو بەهاکاندا گرت، هەرچەند بەدەستی حکومەتی عێراقیش کرابێت، بەڵام بەڕێوبەری ئەو پیلانە دەوڵەتی تورک بوو، دەوڵەتی تورک خەونی پێکهێنانی ئیمپراتورییەتی عوسمانییەکانی لە سەردایە.
لە بەردەوامیشدا وتوویەتی: مەبەستی سەرەکی لەو هێرشانە داگیرکردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە لە باشوری کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێڕشەکان، گەلی کورد دەبێت لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادەبن، فاشیزمی تورک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە هێڕش ناکاتە سەر باشوری کوردستان، بەڵکو هێرشەکەی لە هەموو ڕووەکانی کۆمەڵایەتییەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بە بەرخۆدانی گەریلا لەدژی داگیرکارییەکان داوە و وتوویەتی: هێزی گەریلا هێزی بەرگری لە هەموو کوردستانە، بەرخۆدانی گەریلا بەرخۆدانی دژی فاشیزمە، گەریلا بەو باوەڕەوە تێدەکۆشێت، نموونەی بەرچاوی بەرخۆدانی گەریلا ئەمڕۆ لە برادۆست روودەدات، گەریلاکان هەموو ڕۆژێک لە برادۆست چالاکی ئەنجام دەدەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتوویەتی: حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەبێت لەدژی ئەو داگیرکارییانەدا خاوەن هەڵوێست بن، دەبێت بە خێرایی یەکێتیی نەتەوەیی پێکبێنن و دژی ئەو هێرشانە بووەستنەوە، دەوڵەتی تورک خێری گەلی کوردی ناوێت، بۆ فاشیزمی تورک، کوردی باش کوردێکی مردووە، بۆیە هەرگیز نابێت متمانەیان پێبکرێت.
ب.ل