دووشەممە, 22 يون 2020 – 07:38 ڕۆژنیوز – سلێمانی
https://youtu.be/TAzTVbxyQAs”>
عەبدوڵا حەمە ساڵح، ناسراو بە (خاڵە عەبە یان عەبەی تەمە) یەکێک لە هونەرمەند، ئەکتەرە ناسراوەکانی بواری نواندنە لە شاری سلێمانی.
بنەماڵەی خاڵە عەبە، لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانین، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی پۆلیس بووە، هەوارگەیان هەر ساڵێک گواستوەتەوە بۆ ناوچەیەک، هەر یەک لە خوشک و براکانی لە شوێنێک لە دایکبوون و خاڵە عەبەش وەک خۆی دەڵێت، بەر ناوچەی بەرزنجە کەوتووە و لە زستانی ساڵی ١٩٥٠ لەوێ لە دایکبووە.
هەر لە تەمەنێکی کەمەوە دایک و باوکی لە دەست دەدات و لە لای ژنی دووەمی باوکی گەورە دەبێت، کە وەک خۆیی باسی دەکات لە دایک ئازیزتر و باشتر بووە بۆیی و توانیویەتی بە شێوەیەکی باش پەروەردەی بکات، تەنانەت تەمە کە نازناوەکەیەتی لە دایکی دووەمی بۆیی ماوەتەوە و لەلای زۆربەی خەڵک بە عەبەی تەمە ناسراوە.
خاڵە عەبە، چەند جارێک بە هۆی بارودۆخی سیاسی لە خوێندن دابڕاوە، دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ و لە تەمەنی منداڵیدا دەچێتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بە هۆیی تەمەنی کەمیەوە وەرناگیرێت و دەگەڕێتەوە لە دوای خوێندن و تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک لە ساڵی ١٩٧٠ دەست بە کاری هونەری دەکات و یەکەم بەشداری کردنیشی لە بەرهەمی (چەم بێ چەقەڵ نابێت) بوو و دواتریش بەشداری لە چەندین کاری وەک چەخماخ، لانەوازان، تیپی هاوڕێیانی گەزیزە، بەرنامەی بەرنامە و چەندین کاری دیکە کردووە.
لە کاتی پێشمەرگایەتیدا و لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ یەکێک لە هاوخەباتەکانی هاوسەرگیری دەکات و دەبنە دایک و باوکی دوو کوڕ و کچێک بە ناوەکانی (گۆران، ئالان و شۆخان)، کە ماوەیەک لە شاخ دەمێننەوە و چەند ساڵێکیش ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لە شاری سەقز نیشتەجێ دەبن، پاشان دەگەڕێنەوە و بۆ هەمیشە لە سلێمانی دەگیرسێنەوە، لە ساڵی ١٩٩٦ بەدواوە کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و بووەتە ئەفسەر لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە و چەند ساڵێک بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەداغ بووە.
باشوری کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە دراماکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆرینەی ئەو زنجیرە درامایانەی ئێستا نەیانتوانیوە تا ئاستێکی باش جێگای خۆیان بکەنەوە و ببنە بەشێک لە بیرەوەری خەڵک.
بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە (بەرنامەی بەرنامە) کە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنز ئامێزبوو لە کەناڵی خاک تیڤیەوە لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەش دەکرا و چەند هونەرمەندێکی کورد لەوانە هونەرمەند خاڵە عەبە ڕۆڵیان تێدا دەبینی، دەبینین تائێستا چێژ و کاریگەرییان لە ناو خەڵکدا ماوە، هونەرمەند عەبدوڵا، دەربارەی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە لەو کاتەدا کە کارێکمان دەکرد لە زۆر ڕووەوە پێداچوونەوەمان بۆ دەکرد و پرسمان بە شارەزایان دەکرد، بە تایبەت ئەوەی کە بابەتەکە دەبێت ڕەنگدانەوەی ژیانی خەڵک بێت و هەرواش بوو.
ئەو هونەرمەندە باسی لە هونەرمەندی ڕەسەن و کاریگەر کرد، کە دەبێت خاوەن فکر بێت، وتی: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ئەگەر هونەرمەند پابەند نەبێت بە خۆیەوە و بیرێکی نەبێت، لە بۆشاییدا دەخولێتەوە و ئەمەش پەسەند نییە، چونکە ئەگەر فکر و ئامانج گونجاو بوو ئەوا خەڵکیش سودی لێوەردەگرێت، بۆیە هونەر فەلسەفەیەکی مرۆییە و ناتوانێت لێی دابڕێین و ئێمە قوربانی زیاترمانداوە تا بتوانین بە باشی هونەرەکەمان بگەیەنین، لەمڕۆژەدا جیاوازی زۆرە ئەوەی توانای هەیە پێویستییەکانی نییە و هەشە بە پێچەوانەوەیە.
هاوکات لە بارەی ئەو زنجیرە درامایانەی کە پەخش دەکرێن و بەشێکی ژیانی خەڵکیان داگیرکردووە، ڕەخنەی لە کەناڵەکان گرت: ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنانە تەنها ئامێرێکی ئاسایی نییە بەڵکو ئەگەر بە عەقڵێکی هۆشمەندانە بەرنامە بڵاو نەکرێتەوە ئەوا کۆنتڕۆڵی فکری مرۆڤەکان دەکرێت، بە تایبەت ئەم جیلە نوێیە کە بەرە و هەڵدێر دەبرێن نەک ئەوەی سەر بخرێن، بۆیە دەبێت لە ژێرهۆشی نەریتی کۆمەڵایەتی خۆمان دەرنەچین، نەک ئەوەی پێش نەکەوین با پێش بکەوین بەڵام بە ناوەرۆک، ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەرشانی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ئەم وڵاتە کە فریا بکەون، بەڵام ئەگەر بێدەنگ بن نیشانەی کۆتایی هاتنە.
ئەو هونەرمەندە لە کۆتایشدا وتی: من ناتوانم بڵێم هونەرەکەم جیایە لە خاک و کێشەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگاکەم، مەحاڵە مرۆڤ دابڕێت لە خاک و نەتەوە و ئێمە ئەگەر شتێک بکەین بۆ نەتەوەیە، بە تایبەت ئەوەی کە ژیان هونەرە و ئەوەی بزانێت باش بژی هونەرمەندە.
خاڵە عەبە، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە خانەنشین کراوە و ئێستا زۆرینەی کاتەکانی لە ماڵ و سەردان کردنی هاوڕێیان، کتێب خوێندنەوە و دانیشتن لە چایخانەی شەعب بە سەر دەبات.
ک.س