یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران: جێگرەوەی هەموو کاڵایەکی تورکی هەیە

وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن بە دڵنیاییەوە بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بکەن و، وتیشی: لە بەرامبەر هەر کاڵایەکی تورکی جێگرەوەیەکمان هەیە.


دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، خەڵکی باشوری کوردستان وەک هەڵویستێک بڕیاریاندا کاڵاکانی تورکیا بایکۆت بکەن، بانگەشە بۆ بایکۆتی کاڵا تورکییەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد، بەڵام پەرەی سەند و لە هەموو پارێزگاکان دەستپێشخەری بۆ ئەو هەڵمەتە کرا، ئێستا بایکۆتی کاڵای تورکی، گەشت بۆ تورکیا و هتد، دەستیپێکردووە، دوای ئەم هەڵمەتانە ئەم پرسە دێتە ئاراوە کە "ئایا جێگەرەوەی کاڵا تورکیەکان لە هەرێم هەیە؟".

ئێمەش ویستمان ئەم پرسە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆیە چووینە لای 'بەخیار مەلا ئەحمەد' وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و ئەو پرسەمان کرد، ئەویش هەم هەندێک پێشنیاری گرنگی بۆ هاوڵاتیان کرد، هەمیش زانیاریی لەسەر جێگرەوەی کاڵا تورکییەکان لە ئاستی هەرێمی کوردستان و جیهانی خستە ڕوو.

"چونکە تورکیا زیاترین داهاتی لە هەناردەکردن دابین دەکات، زیانێکی گەورە دەکات"

بەختیار مەلا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا زیاترین داهاتی لە هەناردەکردن دابین دەکات، بۆیە بایکۆت کاریگەرییەکی نەرینی لێدەکات و، وتی: بایکۆتی هەر شتێکی تورکی زیانێکی گەورە بە ئابوری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت، کاتێک کاڵای هەر وڵاتێک بایکۆت بکرێت، مسۆگەر زیان لە ئابوریی دەدات، تورکیاش بەهۆی ئەوەی زیاترین داهاتی لە ڕێگەی هەناردەوە دابین دەکات، بەو بایکۆتە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان کاڵای تورکی بایکۆت بکات، بێگومان تورکیا ناچار دەبێت کاڵایەکی کەمتر هەناردەی هەرێم بکات.

"سەرۆکی تورکیا و ڕوسیا بۆ هەناردەکردنی باینجان لەسەر مێزی دانوستان دانیشتن"

بەختیار ئاماژەشی بەوەدا، کە دەوڵەتی تورک زیاترین کاڵاکانی هەناردەی هەرێمی کوردستان (عێراق)، ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکات و وتی: وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی کاتی گەمارۆیان خستە سەر ئابوری تورکیا، هەر ئەوەش زیانێکی گەورەی لە تورکیا دا و کارییگەریی لە ئاستی سیاسی، سەربازی و ئابوری دانا، هەموو بینیمان کاتێک باینجانی تورکیا هەناردەی ڕوسیا نەکرا، چۆن کێشەیەکی گەورەی لە نێوان تورکیا و ڕوسیا دروست کرد، وایکرد سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە بۆ باینجان لەسەر مێزی دانوستان دانیشن، ئینجا ئەگەر هەموو کاڵا تورکییەکان بایکۆت بکرێن، زیانێکی زۆر گەورە دەگەینێت ئەو وڵاتە.

"پشتگیری داخواز و هەڵویستی گەل دەکەین"

بەختیار مەلا ئەمین جەختی کردەوە کە؛ "وەک یەکێتی هەناردە و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ داخواز و ویستی گەل بووین، گەلەکەمان چییان بوێت ئێمەش وا دەکەین".

"بێ جێگرەوە نیین، با هاوڵاتیان دڵنیا بن"

بەختیار وتیشی: با هاوڵاتیان دڵنیا بن کە ئەگەر کاڵای تورکی نەبێت جێگرەوەی هەموو شتێکمان هەیە، ئێستاش لە بازاڕ جێگرەوەی هەموو کاڵایەکی تورکیمان هەیە، بەرهەمی وڵاتانی عەرەبی، بەریتانیا، وڵاتانی ئەوروپا، ئوسترالیا، مالیزیا، ئیندونیزیا، چین، ژاپۆن، ئەمریکای لاتین، بەرازیل و ئەمریکاش هەیە، پێش ئەمەش چەندین پەیمانی ئابوریمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە واژۆ کردووە، پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ هەموویان هەیە، هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانی ئیندۆنیزیامان کرد و نزیکەی ١٠.٥ ملیۆن دۆلار پەیمانمان لەگەڵ واژۆ کردن، کە شتومەک بۆ هەرێم هاوردە بکرێت، بۆ هەموو شتێک دەتوانین جێگرەوە بدۆزینەوە.

"بۆ جلوبەرگیش جێگرەوەیەکی باشمان هەیە"

بەختیار مەلا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە، چونکە زۆربەی جلوبەرگی هەرێم لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، لەوانەیە هاوڵاتیان بپرسن کە ئایا جێگرەوەیەک هەیە؟ و، وتی: جێگرەوەمان بۆ ئەمەش هەیە، بازرگانمان هەیە کە جلوبەرگ لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردە دەکات و بە کیلۆ دەفرۆشێت، پێش بایکۆتیش پێشوازییەکی زۆر لەو جلانە دەکرا، هەم کوالیتییان لە جلی  تورکی باشترە هەمیش هەرزانترن.

"کاتی ڕیفراندۆمەکە، دەرگای بازرگانییان لە ئێمە داخست"

بەختیار ئاماژەی بە داخستنی دەروازە بازرگانییەکان لە کاتی ڕیفراندۆم کرد و، وتی: کاتی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، ئێران چەند دەروازەیەکی سنووریی بەسەر ئێمە داخست، بەڵام ئەوەی لێی زەرەرمەند بوو خۆدی ئێران بوو، بەهۆی ئەوەی کالای هەناردەی هەرێم نەکرد زیانکی گەورەی بینی، پێنج هەزار کرێکاری بێکار بوون، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئێران نەوت و گازیشی هەبوو، ئینجا تورکیا ئەوەندە گاز و نەوتی نییە و زۆرترین داهاتی لە ڕێگای هەناردەوە دابین دەکات.

"ڕێگای بازرگانی ئاسمانیشمان هەیە"

بەختیار ئاماژەی بە ڕێگاکانی دیکەی بازرگانی کرد و وتی: بەهۆی هەر ئەگەرێکەوە ئێمە ناچارین پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە دروست بکەین، چونکە بینیمان لە کاتی ڕیفراندۆم ئێران و تورکیا دەرگا بازرگانییەکانیان بە ڕووی ئێمە داخست، بەڵام چیتر داخستنی ئەو دەروازانە کاریگەریمان لەسەر ناکات، چونکە ڕێگای ئاسمانیشمان هەیە، تەنانەت بۆ ئاژەڵەکانیش ڕێگەمان دۆزیوەتەوە و لە گورجستانەوە "جۆرجیا" لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئاژەڵ هاوردە دەکەین.

چەند پێشنیار و ڕاوێژێک بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بایکۆت دەکەن

لە کۆتاییدا بەخیار مەلا ئەحمەد وتەبێژی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان چەند پێشنیارێکی بۆ هاوڵاتیان هەبوو، وەها باسی کرد: بۆ خواردنی بەیانیان، چەندین جۆرە پەنیرمان هەیە، هی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپیشمان هەیە، پێشنیارم ئەوەی هاوڵاتیان لە کاتی کڕینی شتومەکدا، لە دوکاندارەکان پرسیار بکەن کە ئایا جگە لە کاڵای تورکی بەرهەمی خۆماڵیمان هەیە؟ ئەگەر نەبوو، داوای کاڵای وڵاتانی دیکە جگە لە تورکیا بکەن، ئەگەر هاوڵاتیان وەها بکەن، دوکانداریش داوای هاوڵاتیان دەزانێت و دەیگەینێتە شوێنی پەیوەندیدار.

بەپێی زانیارییەکانی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، تا پێش بایکۆت، ساڵانە نۆ ملیار دۆلار کاڵای تورکی هەناردەی هەرێم دەکرا، هەموو ئەو شتانەش لە تورکیاوە هەناردەی هەرێم دەکرێت، هی خۆدی تورکیا نیین، بەشێکیان هی وڵاتانی بیانی‌یە و لە ڕێگای تورکیاوە (ترانسفۆر دەکرێت) دەگوازرێتەوە.

س.ح