ئاسایشی پارتی دوو کادری یەکێتی دەستگیرکرد

ئاسایشی پارتی دوو کادری یەکێتی لە سنووری هەولێر دەستگیرکردووە، بەرپرسێکی حزبەکەش دەڵێت: بێ بڕیاری دادگا بووە و نایاساییە.


درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، لە شارەدێی قەسرێ'ی سەر بە شارۆچکەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو کەسی دەستگیرکرد، کە یەکێکیان پێشمەرگەی سەر بەیەکێتییە و ئەویدیکەشیان کادری هەمان حزبە.

بە وتەی وریا وەسانی بەرپرسی رێکخستنی کۆمیتەی یەکێتی لە قەسرێ بۆ ڕۆژنیوز، "هەر یەکە لە شەماڵ مەلا کە لێپرسراوی بنکەی قەسرێ ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان و کارۆخ بەکر کە کادر و پێشمەرگەیەی ئێمەن لە سنووری رێکخستنی کۆمیتەی قەسرێ لە دووکاتی جیاوازدا دەستگیکراون".

بە وتەی وریا وەسانی، دەستگیرکردنی کادرەکانیان بەبێ بڕیاری دادگا و نایاسایی بووە.

وتیشی: ئەم کادرانەمان بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەخنەیان گرتووەم، بۆیە ڕەنگە لەسەر ئەوە بووبێت، ئەگەر هەر شتێکیتر بکەنە بەهانە بۆ ڕەوایەتیدان بە دەستگیرکردنیان ئەوە بیانوە".

س.ح