سێشەممە, 31 يول 2018 – 13:38 ڕۆژنیوز – سلێمانی
سەرەڕای ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی لەناو ئێراندا هەیە، وابڕیارە ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی بۆسەر ئێران سەختتر بکات و گەمارۆی نوێ بخاتە سەر ئەو وڵاتە، ئەمەش هێندەی دیکە دۆخی ئێران خراپتر دەکات، بانگەشەی ئەوەش هەیە، کە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، لەو چوارچێوەیەدا سۆران نوری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە سلێمانی لێدوان بۆ ڕۆژنیوز دەدات.
سۆران نوری، ئاماژەی بۆ خراپی دۆخی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئێران کرد، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە و وتی:”گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەو دۆخە خراپەی کە ئێران بەرەو داڕمان دەبات، وادەکات، کە ئێمە پێشبینیی ڕوودانی کێشە بکەین لەو وڵاتە، بۆ ڕوودانی هەر کێشەیەک-یش، ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی دەبێت ئامادەییمان هەبێت”.
سۆران نوری، ڕوونکردنەوەی لەسەر چۆنیەتی ئامادەکارییەک دا و وتی:”دۆخەکە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی، کە ئیتر وەختی یەکڕیزیی وهەماهەنگییە، لەو چوارچێوەیەشدا پێنج حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوەندێکیمان بەناوی ناوەندی هاوکاریی دروستکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک لە ئێراندا ڕووبدات و داواش لە حزبەکانی دیکە دەکەین ببنە ئەندامی ناوەندەکە”.
سەبارەت، بە ئەگەری هێرشی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران، ناوبراو، وتی:”ئێمە پشت بە کار و تێکۆشانی خەڵکی خۆمان دەبەستین، نەک وڵاتانی دەرەوە، بەڵام لە کۆتایدا ئەگەر دەوڵەتێک بەنیەتێکی باشەوە هات یارمەتیمان بدات ئێمە ئەو یارمەتییە بە باش وەردەگرین”.
لەبارەی ئەو بۆچوونەی، کە دەوترێت، “هێرشی ئەمریکا کاولکاریی بەدواوە دەبێت و دۆخی ئێران-یش وەک عێراق و ئەفغانستانی لێدێت”، ئەو بەرپرسەی حدک، وتی:”لە هەر هێرش و شەڕوپێکدادنێکدا ماڵوێرانیی و کاولکاریی خۆی هەیە و ئەمە ئاساییە، بەڵام ئێمە دەبێت لە ئەگەری دروستبوونی هەر شەڕێکدا گفتوگۆ بکەین، بۆئەوەی ئێرانیش بەو ئاقارەدا نەڕوات، کە عێراق و ئەفغانستانی پێدا تێدەپەڕێت”.
سەبارەت بە نەخشەڕێگاکەی، کۆدار و پژاک-یش بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێران، سۆران نوری، وتی:”ئێمە وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە هەر پرۆژەیەک دەکەین، کە ببیتە هۆکاری یەکڕیزیی لەنێوان خەڵکی کوردساتاندا، لە مەکتەبی سیاسیی خۆمان خەریکی وتووێژین لەسەر پرۆژەکەی کۆدار و پژاک، دواتر تێبینیمان دەبێت لەسەری”.
ش.ف