چوؤرشەممە, 22 أغس 2018 – 10:04 ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار
لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ شارۆچكەی خورماتوو كەوتە دۆخێكی ئاڵۆزەوە، ئەگەرچی ماوەیەكە ئارامیی بۆ شارۆچكەكە گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا كوردەكان دڵخۆش نین.
ئومێد تەیب، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی و ئەندامی ڕێكخراوی ئاوەسپێ بۆ كاروباری مرۆیی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: دەبێت لایەنە كوردستانییەكان پاكێجێكیان هەبێت بۆ حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی داهاتوو، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و دەستور كاری لەسەر بكەن و تێیدا داوای نەمانی حكومی سەربازیی و دەركردنی هەموو هێز و میلیشیا سەربازییەكانی ناو خورماتوو بكەن، شارۆچكەكەش بە هاوبەشی لەنێوان كورد و حكومەتی ناوەند بەڕێوەببرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە یەكێتییەكی نەتەوەیی بەهێز لە شارۆچكەكە دروست بكرێت لەنێوان حزبە كوردستانییەكان و خەڵكی گەڕاوەی شارۆچكەكە و ئەو هەموو خەڵكەی ئاوارە بوونە بگەڕێننەوە و كورد ببێتە یەك ڕەنگ و یەك دەنگ و واز لە ناكۆكییەكانی نێوان یەك بێنن.
هەروەها هوشیار ڕەشاد، ئەندامی ڕێكخراوی جەماوەری خورماتوو، بە ڕۆژنیوزی وت: دۆخی ئێستای خورماتوو، ڕاستە ئارامی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بۆ كورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، كاربەدەستانی ئێستای شارۆچكەكە، چی پۆستی كورد هەیە داویانە بە توركمان و لە كوردیان سەندوەتەوە و هیچ حسابێك بۆ هاوڵاتی كورد ناكەن.
وتیشی: پێكەوەژیانی ئاشتیانە بۆ دۆخی ئێستای خورماتوو زۆر گرنگە، پێشووتر كورد چەندین جار هەوڵی داوە ئەو پێكەوە ژیانە دروست بكات لەگەڵ نەتەوەكانی تر، بەڵام بە هۆی فشاری وڵاتانی توركیا و ئێران بۆ سەر شیعە و حەشدی شەعبی، هەوڵەكان شكستی خواردووە، كورد ئێستاش ئامادەیە بۆ كاركردن تا پێكەوەژیان دروست بێت، هەر بە پێكەوەژیان شەڕ و ئاڵۆزییەكان كۆتاییان دێت.
ك.ك